رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پەیوەندیدار دەڵێن، تاوەکو ئێستا مۆڵەت بە هیچ کۆمپانیایەک نەدراوە ماددەی لیتیۆم لە دەریاچەی ورمێ دەربێنێت، بەڵکو رێژەی لیتیۆم لە دەریاچەی ورمێدا زۆر کەمە و لە ئێراندا هیچ کەسێک ناتوانێت دەریبێنێت.
لە رۆژانی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە لە دەریاچەی ورمێدا لیتیۆم هەیە و ئێستا خەریکن دەریدێنن. لیتیۆم مادەی کانزایی گرنگ و ستراتژییە لە جیهاندا، زۆر کەم هەیە، کانگا سەلمێنراوەکانی 14 ملیۆن تۆنە و تەنیا وڵاتانی ئوسترالیا، شیلی، ئەرجەنتین و چین بەرهەمی دێنن.
عەلیڕەزا شەهیدی، سەرۆکی رێکخراوی دۆزینەوە کانزاییەکانی ئێران، دەڵێ، "دەریاچەی ورمێ بڕیکی زۆر کەم لیتیۆمی تێدا هەیە، بەڵام زۆر کەمە و هیچ کەس لە ئێراندا ناتوانێت بەرهەمی بێنێت."
رەحیم وەهابزادە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کانگا و پیشەسازیی کانگاکانی ژووری بازرگانیی ورمێ، لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو وێنانەی لە کۆکردنەوەی لیتیۆم لە نێو دەریاچەی ورمێدا بڵاو بوونەتەوە، دەڵێت، "وێنەکان بەڵگەمەند نین و تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک بەدەستمان نەگەیشتووە کە ئەو بابەتە بسەلمێنێت."
موختار خانی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی ورمێ دەڵێت، دەریاچەی ورمێ شوێنێکی پارێزراوە و "تاوەکو ئێستا تەنیا بۆ دەرهێنانی خوێ، مۆڵەت دەرکراوە و رێگە نەدراوە هیچ ماددەیەکی کانزایی دیکەی لێ بەرهەم بهێنرێت."
بەگوتەی موختار خانی، لەم دواییانەدا کۆمپانیایەکی چینی داوای مۆڵەتی کردبوو بۆ ئەوەی سوێراوەکانی دەریاچەکە دەربێنێت، بەڵام مۆڵەتی پێنەدراوە. هەڵبەت ئەو کۆمپانیایەش لیتیۆمی دەرنەهێناوە.
موختار خانی ئەمڕۆ شەممە بە ماڵپەڕی ئیلنای گوت، "تەنیا لە وەرزە تەڕ و ساردەکانی ساڵدا رێگە بە کۆمپانیاکان دەدرێت خوێ دەربێنن. خەڵکی خۆجێیش لە وەرزی پاییزدا دەتوانن خوێ دەربێنن، بەڵام تەنیا لە رووبەری 20 هێکتار و لە قوڵایی 40 سانتیمەتردا دەبێت ئەو کارە بکەن."
بەگوتەی محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ، ئێستا 686 کیلۆمەتری چوارگۆشە و 930 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی تێدایە، کە رێژەیەکی زۆر زۆر کەمە.
دەریاچەی ورمێ بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ئیکۆلۆژیک دەبێت 14 ملیار مەتری سێجا ئاوی تێدا بێت. ئێستا ئەم دەریاچەیە بەشێکی بیابانێکی خوێ و بەشێکی کەمیشی زەلکاوێکی خوێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ