رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێن، فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی، بەربژێری پارتی دەدات بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
دوێنێ دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. دوای دوو جار هەڵبژاردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی و رێبوار کەریم، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، هەردوو بەربژێرەکە نەیانتوانی دەنگەکانیان بگەیەننە زۆرینەی رەها کە زیاتر لە 166 دەنگە و بەو هۆیەوە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی نەبووەوە.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی بدەین."
دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زانیارییەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی دەدەین."
دوای ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا و رێبوار کەریم نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی رەها بەدەستبهێنن، پارتی دیموکراتی کوردستان شاخەوان عەبدوڵڵای کشاندەوە و فەرهاد ئەترووشیی لە شوێنی دانا، بەڵام رێبوار کەریم رایگەیاند کە ناکشێتەوە.
هەرێم کەمال ئاغا، گوتی: "هەموومان، لەسەر بڕیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگ بە فەرهاد ئەترووشی دەدەین."
دوێنێ دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە یەک گەڕدا یەکلایی بووەوە و هەیبەت حەلبووسی وەک بەربژێری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان لەکۆی 309 پەرلەمانتاری ئامادەبوو 208 دەنگی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ