کوردستان
چەند کەسێک لە رێگەی سماقووڵی بەهۆی بەفرەوە ناتوانن بە ئۆتۆمبێل بڕۆن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەگوێرەی پێشبینییەکان، پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان دادەبەزێ.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو 02-01-2026 بەردەوام دەبێ.
بە گوێرەی کەشناسی، کاریگەریی شەپۆلەکە بەو جۆرەیە، چوارشەممە لە نیوەڕۆوە لە سنووری پارێزگای دهۆک بە باران و بەفر دەستپێدەکات، پاشان دەگاتە سنووری ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین. لە درەنگی شەودا کاریگەرییەکەی دەگاتە دەوروبەری هەولێر.
لەبارەی کەشوهەوای پێنجشەممە تاوەکو هەینی، کەشناسی دەڵێ: "پێنجشەممە شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێ و لە سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی تێکەڵەیەک لە بەفر و باران و کڕێوە دەبێت؛ هەینیش لە بەیانییەکی زووەوە شەپۆلەکە لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە چڕتر دەبێتەوە، بەڵام لە دهۆک کەم دەبێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژدا کاریگەریی شەپۆلەکە کۆتایی پێبێت".
پلەی گەرما و ئاستی بەفربارین:
دهۆک: نزمترین پلە 5- سیلیزی، لەگەڵ 15 ملم باران و 5 سانتیمەتر بەفر.
سلێمانی: نزمترین پلە 4- سیلیزی، لەگەڵ 7 میلیمەتر باران.
هەولێر: نزمترین پلە 1- سیلیزی، لەگەڵ 12 میلیمەتر باران.
هەڵەبجە: نزمترین پلە 3- سیلیزی، لەگەڵ 10 میلیمەتر باران.
کەرکووک: نزمترین پلە 2 پلەی سیلیزی، لەگەڵ 4 میلیمەتر باران.
ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان:
کانی ماسێ لە سنووری دهۆک: 55 سانتیمەتر بەفر.
حاجی ئۆمەران: 40 سانتیمەتر بەفر.
کۆڕەک: 45 سانتیمەتر بەفر.
ئیدارەی زاخۆ: 20 سانتیمەتر بەفر.
ئیدارەی سۆران: 10 سانتیمەتر بەفر.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەم بارستە هەوا ساردەوە، شەختە و بەستن لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری هەندێک لە شارەکان دروستدەبێ، داواش لە هاونیشتمانیان دەکرێت لە کاتی هاتووچۆدا وریابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ