رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆ جاری دووەم لە پارێزگاکە کەرنەڤاڵی ئۆتۆمبێلە کلاسیک و کۆنەکان بەڕێوەدەچێت. باسی لەوەشکرد: "زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێل خۆیان تۆمارکردووە."
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، لە چوارچێوەی کار و چالاکییە کولتوورییەکانمان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، لە هەولێری پایتەخت، کەرنەڤاڵی ئۆتۆمبێلە کلاسیک و کۆنەکان سازدەکرێت."
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، 10 رۆژ پێش ئێستا ناوتۆمارکردن دەستیپێکردووە. هەروەها گوتی: "هەموو خاوەن ئۆتۆمبێلە کۆنەکان بانگهێشت دەکەم و هەموو ئەو کەسانەی پێشتر ناوی خۆیان تۆمارکردووە، یان ئەوانەشی کە دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکانیان (مۆدێلی 1991 و بەرەو خوار) بەشداری بکەن، دەتوانن لە کەرنەڤاڵەکەدا ئامادە بن."
کەرنەڤاڵەکە کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ لەبەردەم پارکی شانەدەر دەبێت. پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەمە جاری دووەمە ئەم کەرنەڤاڵە دەکرێت، ساڵی یەکەم لە 2023 سازکرا."
ئەوانەی ناویشیان تۆمار نەکردووە دەتوانن لە کەرنەڤاڵەکە بەشداربن. ئومێد خۆشناو گوتی: "زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێل خۆیان تۆمارکردووە."
ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لە پارێزگای هەولێر چەند شوێنێکی جیاواز بۆ ئاهەنگگێڕان ئامادەکراون و لەبەردەم قەڵا، فێستیڤاڵی بازاڕی کراوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ