رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لەو رۆژنامەنووسانە دەکات، کە ئەندامی کارای سەندیکاکەن فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕبکەنەوە.
حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕبکەنەوە".
حاکم ئازاد دەڵێت: "رۆژنامەنووسانی ئەندامی سەندیکاکەمان هاوشێوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان شایستەی وەرگرتنی پارچەیەک زەوین، بۆ ئەوەش وەکو سەندیکا هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو مافەیان بەدەستبهێنن".
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە لق و نووسینگەکانی خۆی کردووە، هەر رۆژنامەڤانێک مەرجەکانی هەبێ فۆڕمی پێبدەن بۆ پڕکردنەوەی داواکردنی زەوی.
لەبارەی ئەو رۆژنامەڤانانەی مافیان هەیە داوای وەرگرتنی زەوی بکەن، نەقیبی سەندیکا گوتی: "دەبێت ئەندامی کارای سەندیکا بێت، پابەندی ئەرکەکانی سەرشانی لە سەندیکاوە بووبێ، ناسنامەی ئەندامێتی نوێ بێت".
بەگوتەی ئازاد حەمەئەمین، ئەو رۆژنامەنووسانەی ئەندامێتییان بەسەرچووە، بۆ ئەوەی مافی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیان هەبێ دەبێت سەردانی لقەکانی سەندیکا بکەن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ناسنامەکانیان نوێ بکەنەوە.
بەگوێرەی ئەو فۆڕمەی بڵاوکراوەتەوە، رۆژنامەنووس دەبێت چەند زانیارییەک تۆمار بکات کە ئەمانەن:
- ناوی ئەو نووسینگەیەی لێی ئەندامە
- ناوی تەواوی چواریی خۆی.
-ساڵ و شوێنی لەدایکبوون.
-کاری رۆژنامەڤانی.
رێککەوتی ئەندام بوونی.
- پلەی ئەندامێتی
- باری خێزانی
- شوێنی نیشتەجێبوون
- شوێنی کارکردن
تاوەکو کۆتایی مانگی 1ـی ساڵی نوێ رۆژنامەنووسان مافی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیان هەیە.
بەگوێرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئێستا نزیکەی چوار هەزار ئەندامی کارای سەندیکاکە هەن، کە "پابەندییەکانیان جێبەجێ کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ