رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێ، تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، هاوکارییان گەیاندووەتە زیاتر 15 هەزار خێزان لە رۆژئاوای کوردستان، جگە لە پێشکێشکردنی زیاتر لە 35 هەزار ژەمەخۆراکی گەرم.
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "255 بارهەڵگر هاوکارییمان گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان و لە دابەشکردنیدا 516 کارێکار کاریان کردووە."
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ هاوکاریی خۆراک و شتومەکی جیاوازیان گەیاندووەتە 7 هەزار و 802 خێزان کە زۆربەیان لە 183 قوتابخانە و 12 مزگەوت نیشتەجێن.
بە گوتەی رەواج حاجی، دابەشکردنی سووتەمەنی بەردەوامە و 253 هەزار و 632 لیتریان بەسەر 7 هەزار و 139 خێزنی ئاوارەدا دابەشکردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، 35 هەزار و 45 ژەمەخۆراکی گەرمیان پێشکێشی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ دابەشکردنی هاوکارییەکاندا خزمەتگوزاری پێشکێشی 3 هەزار و 965 هاونیشتمانی کردووە.
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.
بەشێکی ئەو کەرەستانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دابەشیان دەکات بریتین لە جلوبەرگ، خواردمەنیی وشک، نان، خواردەمەنی گەرم، سووتەمەنی، بەتانی، دۆشەکە، شیر و دایبی منداڵ و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانە.
21ـی ئەم مانگە دەزگای خێرخوازیی بارزانی 67 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و رۆژی دواتر دابەشکردنی دەستپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ