مانگی سووری کوردی لە حەسەکە: بە گەیشتنی هاوکارییەکان خەڵک روو لە شارەکە دەکەنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کوردی لە حەسەکە دەڵێ، گەیشتنی هاوکارییەکان و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق، کاریگەری لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکە هەبووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''مەرجەکانی گەڕانەوە بۆ ئاوارەکانی گرێ سپی، عەفرین و سەرێکانی نەهاتوونەتە ئاراوە.''
 
رۆژی شەممە، 31-01-2026، بۆ یەکەم جار هاوکاریی گەیێندرایە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. مەحجوب حەسۆ، بەرپرسی نووسینگەی مانگی سووری کوردی لە شارەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد رایگەیاند، کاروانەکە شتوومەکی کەمپەینی ''رەنجی رووداو'' بوو کە لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دابەش دەکرێن.
 
بە گوتەی مەحجوب حەسۆ، هەزار و 500 خێزان لە ئاوارەکانی عەفرین، شەهبا و شێخ مەقسوود لە قوتابخانەکانی حەسەکەدا دەمێننەوە، ''دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەش کە بەهۆی گرژییەکانەوە، شارەکەیان جێهێشتبوو.''
 
بەرپرسی نووسینگەی حەسەکەی مانگی سووری کوردی ئاماژەی بەوەش کرد، بەر لە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، هەزار و 800 خێزانی ئاوارەی سەرێکانیش لە 33 قوتابخانەی حەسەکەدا جێگیر ببوون، ''ئەواونیش بەهۆی دۆخەکە بڵاوەیان کردبوو، بەڵام ئێستا دەگەڕێنەوە.''
 
دوای چەند هەفتە لە شەڕی سەخت، دوێنێ هەینی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق واژۆ کرا کە تەواوکەری ئەو ئاگربەستەیە لە 22ـی کانوونی دووەم راگەیێندرابوو. مەحجوب حەسۆ ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق کاریگەری لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئارامیی حەسەکە هەبووە، ''ئێستا ئاوارەکانی کەمپی سەرێکانی کە پێشتر 16 هەزار و 730 کەسی تێدا بوو، بەگشتی گەڕاونەتەوە.''
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی مانگی سووری کوردی، گرفتی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەکانی کەمپی سەرێکانی و واشۆکان لە حەسەکە هەیە، ''چونکە هیچ رێکخراوێک لە کەمپەکاندا نەماون و تەنیا لە رێگەی ئێمە و بەڕێوەبەریی کەمپەکانەوە، ئاو، نان و دەرمانیان پێدەگات.''
 
بەگوتەی مەحجوب حەسۆ، سەرەڕای واژۆکردنی ئاگربەست و وەستاندنی شەڕ، تاوەکو ئیستا مەرجەکانی گەڕانەوە بۆ ئاوارەکانی گرێ سپی، عەفرین و سەرێکانی نەهاتوونەتە ئاراوە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، بەرپرسی نووسینگەی حەسەکەی مانگی سووری کوردی سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ کەمپەینی ''رەنجی رووداو'' و گوتی، ''سەرجەم پێداویستییەکانی ژیان وەک هاوکاری گەیێندراونەتە ئاوارەکان. دەستی هەموو رێکخراو، کۆمپانیاکان و بەخشەران خۆش بێ.''
 
کەمپەینەکەی رووداو شەوی 22-01-2026 دەستپێکرد و دوای چوار رۆژ و لە 25ـی هەمان مانگدا کۆتایی هات. بەگشتی 126 بارهەڵگر هاوکاری بوون کە دوایین کاروان لە رێگەی 37 بارهەڵگرەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە گەیێندرانە رۆژئاوای کوردستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی

سەرۆک بارزانی بۆ کوردانی دیاسپۆرا: گەلی کورد یەک نەتەوەیە و یەک چارەنووسیان هەیە

سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کوردستانییانی ئەورووپا کە لە شاری بۆن گردبوونەوە، رایگەیاند: "گەلی کورد یەک نەتەوەیە و یەک چارەنووسیشمان هەیە، بۆیە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر کوردستانییەکە پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆمان لە رۆژئاوای کوردستان بین."