کوردستان
کاروانی هاوکارییەکانی (رەنجی رووداو) لەکاتی پەڕینەوە بۆ ناو رۆژئاوای کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، رۆژانە هاوکارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بەسەر هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێت و تاوەکو ئەمڕۆ لە قامشلۆ، دێرک، عاموودا و حەسەکە هاوکارییان لێ دابەشکردووە.
کەمپەینی (رەنجی رووداو) کە تۆڕی میدیایی رووداو شەوی 22ی ئەم مانگە لە بەردەم مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر دەستیپێکرد و جگە لە هەولێر، هاوکاری لە نووسینگەکانی رووداو لە سلێمانی و دهۆک کۆکرایەوە، دوای چوار رۆژ و 25ی ئەم مانگە کۆتایی هات و دواتر هەناردەکردنی بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە ئەرکی دابەشکردنی هاوکارییەکانی کەمپەینەکەی رووداوی لە ئەستۆدایە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی هاوکارییەکان گەیشتوون و سێ رۆژە لێیان دابەش دەکەین. بڕیارە دوایین بەشی سبەی بگاتە رۆژئاوای کوردستان کە 80 بارهەڵگر دەبێت."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "بۆ یەکەم جار هاوکارییمان گەیاندە حەسەکە کە لە کەمپەینەکەی رووداو بوو، هەروەها لە قامشلۆ، دێرک و عاموودا هاوکارییەکانی رووداومان داوە بە هاونیشتمانیان."
بە گوتەی موساد ئەحمەد، ئەمڕۆ قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی هاوکاری بەسەر ئاوارەکاندا تەواو دەکەن کە زۆرینەی ئاوارەکانی گرتووەتەوە کە لە قوتابخانە، مزگەوت و باڵەخانە تەواونەکراوەکاندا نیشتەجێ کراون؛ گوتیشی، "دواتر هاوکاری دەگەیێنینە ئاوارەی نێو گەڕەکەکان و پاش ئەوان هەموو هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان کە پێویستیان بێت هاوکارییان پێ دەدرێت."
شتومەکەکانی کەمپەینەکەی رووداو جۆراوجۆرن. موسا ئەحمەد دەڵێت، "ئەمڕۆ ئەوانەی ماون لە بارهەڵگرەکاندا لە کۆگاکان دادەگیرێن و ئامادە دەکرێن بۆ دابەشکردن، بەڵام ئارد راناگرین و راستەخۆ دەیدەنە فڕن و چێشتخانەکانی خۆمان کە ژەمەخۆراکی گەرم ئامادە دەکەن."
لە کەمپەینەکەی رووداودا کە 126 بارهەڵگری جیاوازن، ئەم کەرەستانە کۆکراونەتەوە:
دەرمان و پێداویستی پزیشکی؛ 55.4 تۆن
برنج؛ 133 تۆن
ئارد؛ 31 تۆن
شیری تەڕ؛ 8 تۆن
شیری وشک؛ 37.6 تۆن
پاککەرەوە، سابوون و شامپۆ؛ 8.2 تۆن
ئاوە تەماتە؛ 9.035 تۆن
تونا؛ 24.6 تۆن
گۆشت و مریشکی قوتوو؛ 26.8 تۆن
نان؛ 5.6 تۆن
رۆن؛ 48.5 تۆن
نۆک؛ 17.2 تۆن
فاسۆلیا؛ 30.5 تۆن
نیسک؛ 15 تۆن
ساوەر؛ 8.7 تۆن
مافوور؛ 24 تۆن
ماست و پەنیر؛ 7.05 تۆن
ماکەرۆنی؛ 22.01 تۆن
خواردنەوەی گازی؛ 34.93 تۆن
جلوبەرگ؛ 21.3 تۆن
شیرەمەنی؛ 1.53 تۆن
چای؛ 0.9 تۆن
ئەندۆمی؛ 0.8 تۆن
شەکر؛ 1.8 تۆن
ئەو شتومەکانەی بە کارتۆن و دانەن:
بەتانی؛ 9014 دانە
دۆشەکە؛ 3039 دانە
بالیف؛ 415 دانە
سەبەتەی خۆراک؛ 11,614 دانە
کارتۆنی جگەرە؛ 105 دانە
سۆپا؛ 3506 دانە
لایت شەحن؛ 1480 دانە
پێداویستی تایبەتی ژنان و منداڵان؛ 3567 کارتۆن
مەنجەڵ؛ 1182 دانە
ئاو؛ 2700 کارتۆن
پێڵاوی منداڵان؛ 33 کارتۆن
مەمەی شیر؛ 960 دانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ