کوردستان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەی 10ی ئازاری 2025
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا، هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و رێگریکردن لە پشێوی.
رۆژی شەممە، 31ی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) بەیاننامەیەکی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکان و رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا بڵاوکردەوە.
مەسەدە دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی رێڕۆیێکی ئاڵۆزدایە کە ئامانجی ئامادەکردنی زەمینەیە بۆ قۆناخێکی سیاسیی نوێ کە پێویستی بە چارەسەری ریشەییە، نەک تەنیا بەڕێوەبردنی ئەنجامی ململانێکان."
"پاراستنی سڤیلەکان مەرجی سەرەکییە"
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەر لێکتێگەیشتنێکی سیاسی یان ئەمنی تەنیا لە رێگەی پابەندبوونی کردەیی بە پاراستنی خەڵکی سڤیل، زامنکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەڵدەسەنگێندرێت."
مەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، مامەڵەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەیە، بەو ئامانجەی لە لۆژیکی "بەڕێوەبردنی شەڕ و جوگرافیا"وە بەرەو "کاری سیاسیی نیشتمانی" و بنیاتنانی تەباییەکی بەرفراوانی نێوان لایەنە سوورییەکان هەنگاو بنرێت.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە تووندی دژی بەکارهێنانی تووندوتیژی و بژاردەی سەربازییە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان. "ئەو گرژییە سەربازییانەی لە کەناراوەکانی سووریا، سوەیدا و دواتر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا روویاندا، دواتریش رێککەوتنی کاتییان لێکەوتەوە، نیشانەی راکردنە لە بەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ سەرخستنی قۆناخی گواستنەوە و بنیاتنانی رێڕەوێکی نیشتمانی گشتگیر."
هاوبەشیی کورد و عەرەب
مەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا، رێگری لە ئاشووب و بەهێزکردنی "هاوبەشیی عەرەب و کورد" هەیە. هەروەها دەڵێت، هێزە مەدەنی و سیاسییەکان گەرەنتی راستەقینەی یەکپارچەیی و سەقامگیری وڵاتن، بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، مەسەدە دووپاتیکردووەتەوە کە پابەندە بە پەیوەندییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئازادییەکان.
دەشڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ سووریا بەخۆیەوە دەبینێت کۆتایی رێگەکە نییە، بەڵکو ساتەوەختێکی وەرچەرخانە کە وا دەخوازێت هەموو هێزە دیموکراتەکان ریزەکانیان رێکبخەنەوە بۆ بەرگریکردن لە خواستی سوورییەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی، کەرامەت و دادپەروەری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ