هونەرمەندێک لە تەیراوەی هەولێر ماڵی باوکی دەکاتە سینەمایەکی خۆڕایی

01-08-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
سینەماکەی جەوهەر مۆمبای
سینەماکەی جەوهەر مۆمبای
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە جەرگەی گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، ماڵێک هەیە کە لە ماڵ ناچێت و زیاتر لە سینەمایەکی گەرموگوڕ دەچێت. "سینەما جەوهەر مۆمبای"، ئەو خانووەیە کە هونەرمەند جەوهەر ئەنوەر تێیدا لەدایکبووە و ئێستا لەبەر عەشقی بۆ سینەما، کردوویەتی بە سینەمایەکی گشتی و بێبەرامبەر.
 
چوونەژوورەوە بۆ ئەو سینەمایە، نەک هیچ بڕە پارەیەکی ناوێت، بەڵکو جەوهەر خۆی خواردن و خواردنەوەش بە بێبەرامبەر پێشکەشی میوانەکانی دەکات.
 
جەوهەر ئەنوەر، خاوەنی سینەماکەیە و دەڵێت: "لێرە دەرفەتێکە بۆ ئەوانەی لە دەرەوە یەکدی نابینن، هەفتەی جارێک لێرە کۆدەبنەوە. کەس هەیە 10 ساڵ یان 20 ساڵە هاوڕێکەی نەدیوە و دێت لێرە دەیبینێتەوە. لە ئەڵمانیا، سوێد یان وڵاتانی دیکەوە کە دێنەوە بۆ هەولێر بۆ سەردانی کەسوکاریان، ئیللا دەبێت بێنە ئێرە و سینەماکەی جەوهەر ببینن. حەزی من سینەمایە و گرنگە سینەما لای من ببینرێت."
 
ئەو سینەما تایبەتە، شەوانی دووشەممە و هەینی دەرگەکانی بەڕووی میوانەکانیدا دەکاتەوە کە زۆربەیان هونەردۆستان و هاوڕێکانی جەوهەرن.
 
شەوانی دووشەممە تایبەتە بە فیلمی ئەمریکی و شەوانی هەینیش بۆ فیلمە کلاسیکییە هیندییەکان تەرخان کراوە. نمایشکردنی فیلمێکی وەک "ئانورۆد" کە لە ساڵی 1977 دەرچووە، دەیان یادگاریی شیرین دەهێنێتەوە بیری ئامادەبووان.
 
خالید کەریم، سەردانیکاری سینەماکەی جەوهەر مۆمبایە، دەڵێت: "من یەکێکم لەو کەسانەی ئەگەر فیلمی ئەمیتاب باچان هەبێت، مەجالی تێدا نییە ئامادە نەبم، مەگەر کارێکی زۆر زەروورم هەبێت. چونکە بەڕاستی هەوادارێکی سەرسەختی ئەمیتام، وەک دەڵێن: I’m a huge fan of Amitabh Bachchan."
 
ئیدریس محەممەد، سەردانیکارێکی دیکەی سینەماکەیە، دەڵێت: "ئەو تاقەتەمان نییە لە ماڵەوە سەیری ئەو جۆرە فیلمانە بکەین، بەڵام لێرە بەڕاستی جەوێکی زۆر خۆشە کە سەیری ئەو فیلمانە دەکەین."
 
رووبەری خانووەکە 130 مەترە و سینەماکە جێگەی نزیکەی 50 کەسی تێدا دەبێتەوە. شاشەیەکی سێ بە شەش مەتر و سیستمێکی دەنگیی "هۆم سینەما"ی بۆ دابین کراوە. نزیکەی 30 هەزار دۆلار لە دروستکردنی ئەو سینەمایەدا خەرج کراوە، کە هەمووی لەسەر ئەرکی هونەرمەند جەوهەر خۆی بووە. ماجد خدری ئەکتەری بەغدایی، یەکێک بوو لە میوانە نوێیەکانی سینەماکەی جەوهەر.
 
ماجد خدر بە رووداوی گوت، "بەڕاستی ئەزموونێکی جوانە. سەرەتا کە چوومە نێو سینەماکە، واقم وڕما و پێکەنیم! خۆشەویستی بۆ سینەما وا لە مرۆڤێک بکات ماڵەکەی خۆی بە بێبەرامبەر بۆ سینەما تەرخان بکات، ئەمە کارێکی رۆشنبیرانە و مرۆڤدۆستانەیە."
 
جەوهەر ئەنوەر لە ساڵی 1956 لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر لەدایکبووە و وەکو ئەکتەر لە چەندین فیلم و بەرهەمی شانۆییدا بەشداریی کردووە. لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، یەکەم کەس بووە کە لە هەولێر سینەمای گەڕۆکی هەبووە. هەروەها بۆ ماوەیەک مەکینەچیی سینەما سەڵاحەدینی هەولێر بووە، دواتریش لەبەر خۆشەویستیی زۆری بۆ سینەما، سینەما سەڵاحەدینی کڕیوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە