دیندار زێباری: بەهۆی شەڕی داعشەوە 1810 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 10 هەزار بریندار بوون

31-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین ئامارەکانی تایبەت بەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش شەهیدبوون رایگەیاند و ئاشکرای کرد، 1810 پێشمەرگە شەهید و 10369 پێشمەرگەش بریندار بوون. دەشڵێت، "بەهۆی داعشەوە 11584 خێزانی کریستیان کە پێکهاتوون لە 32814 کەس، ئاوارە بوون و بەشی زۆریان هاتوونەتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکدا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەڕی دژ بە کۆمەڵگەی کریستیانەکانی عێراق کە لە هەولێر بەڕێوەچوو رایگەیاند، "لەدوای ساڵی 2003وە کریستیانەکان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق کراونەتە ئامانج. لە ساڵانی 2003 و 2006 و 2009دا تووشی قۆناخی جۆراوجۆری ئاوارەبوون بوون و لە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەرکران، بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە چەندین جار کەنیسە و شوێنی نیشتەجێبوونیان کراوەتە ئامانج، بەم هۆیەوە کۆمەڵگەی کریستیانەکان دووچاری کۆچکردن بوونەتەوە."
 
دیندار زێباری روونیشیکردەوە، "لە هاوینی ساڵی 2014دا، پێکهاتە ئێزدی و کریستیانەکانی نەینەوا و شنگال لەگەڵ کۆمەڵێک پێکهاتەی دیکە کە نوێنەرایەتیی گرووپی جۆراوجۆر لە عێراقدا دەکەن، گەمارۆ دران، کاتێک داعش گەمارۆی ناوچەکانی دابوو، تەنیا لەو ساڵەدا نزیکەی 200 هەزار کەس لە پارێزگای نەینەواوە رووبەڕوی کۆچکردن بوونەوە یان باجیان لێوەردەگیرا، نزیکەی 50 هەزاریان دانیشتووی شاری موسڵ بوون."
 
هەروەبا باسی لەوە کرد، زۆرینەی کریستیانەکانی عێراق پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، "بەپێی ئامارەکان 11584 خێزانی کریسیتیان کە پێکهاتوون لە 32814 کەس ئاوارە بوون. یەکسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکاندا. لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش 250 کریستیان بێسەروشوێن بوون کە 82یان ژن و 168یان پیاو بوون. هەروەها لە دەشتی نەینەوا، 62 کریستیان کە پێکهاتبوون لە 18 ژن و 44 پیاو بێسەروشوێن بوون."
 
لە کۆنفرانسەکەدا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ کریستیان ریچەر، راوێژکاری تایبەت سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)؛ رۆدۆلف ریچارد، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا بە وەکالەت؛ مارک سترۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤن راپ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادپەروەری نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە بەشداربوون.
 
ئەو تاوانانەی کە داعش بەرامبەر دانیشتووانی دەشتی نەینەوا و نزیک لە قەزای شنگال کردوونی، "هاوشێوەی نەبووە و قێزەونترین تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بووە" ئەمەش وەکو دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنفرانسەکەدا گوتی. 
 
سەبارەت بە قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش گوتی، "لە شەڕی دژ بە داعشدا هەرێمی کوردستان قوربانیی گەورەی داوە و نزیکەی 1810 شەهید و زیاتر لە 10369 برینداری پێشمەرگە هەن، کە ئاماژەیە بۆ بەرگریی کوردستانیانەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان."
 
داواشی کرد، دەبێت لێکۆڵینەوەکان لە بەڵگەدارکردنی تاوانباران بۆ دادگەییکردنی سەرکردەکانی داعش درێژە بکێشێت و مافی ئەو چین و توێژانە بدرێتەوە کە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بوونەوتەوە یان بوونە قوربانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.