کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پشکنین و چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە بێ بەرامبەر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 910 پشکنینی پیتیسکان بە تێچووی 637 ملیۆن دینار بە خۆڕایی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کراوە. دەشڵێت، "لەو شەش مانگەدا 68 نەخۆش بۆ پشکنینی ئۆنکوتا نێردراونەتە ئەمریکا و تێچووەکەشی 251 ملیۆن دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە." بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر دەڵێت، "جگە لە سندووقی کۆمەکی شێرپەنجە، حکومەت ساڵانە نزیکەی حەوت ملیار دینار بۆ کڕینی دەرمانی گرانبەها دابیندەکات."
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی بۆ نەخۆشان بەردەوامە، پشکنین و چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە بێ بەرامبەر دەکرێت و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت."
هەروەها روونیکردووەتەوە، "هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە پێویستی بە پشکنینی پیتیسکان هەبێت، بە خۆڕایی بۆی دابین دەکرێت؛ لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا 910 پشکنینی پیتیسکان بە تێچووی 637 ملیۆن دینار بۆ تووشبوانی شێرپەنجە ئەنجام دراوە کە تێچووەکەی لەسەر نەخۆش 750 دۆلارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆڕایی بۆیان دابین دەکات، جگە لەوەی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 68 نەخۆش بۆ پشکنینی ئۆنکوتا نێردراونەتە ئەمریکا و تێچووەکەشی 251 ملیۆن دینار بووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەکەی دابینکردووە."
مێڤان موحسین، باوکی یەکێک لە تووشبووانی شێرپەنجەیە، لەبارەى ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە خۆڕاییانەوە بە پەیجی فەرمیی حکومەتی گوتووە، "کوڕی من کە تەمەنی نۆ ساڵە، تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەیە، پشکنینەکەى ئەگەر هاوکاریی حکومەت نەبێت، زۆر گرانە. بۆیە پشکنینەکەى بێ بەرانبەر لە ئەستۆى حکومەتدا بۆ دەکرێت، ئێمە بۆ ئەو هاوکارییە سوپاسی حکومەت دەکەین."
سندووقی شێرپەنجە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ چاندنی مۆخ بۆ 47 نەخۆش لە دەرەوەی وڵات خەرج کراوە. لە کاتێکدا 408 ملیۆن دینار بۆ نەشتەرگەری لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەش 468 ملیۆن دینار خەرج کراوە.
د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە شاری هەولێر، کە یەکێکە لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە، لەوبارەوە دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، لە هەوڵی هاوکاریکردنی نەخۆشان و چارەسەرکردنیاندایە، ئەوەش لە نەخۆشخانەى حکومیدایە و جۆرى نەشتەرگەرییەکەیان لەڕێگەى لیژنەوە بۆ دیاریدەکرێت. ئەگەریش لە نەخۆشخانەى گشتی بەردەست نەبوو، لە نەخۆشخانەى تایبەت بۆیان دەکرێت، ئەگەر نەشتەرگەرییەکە لەناو هەرێمی کوردستان بە هەر هۆکارێک بەردەست نەبوو، لە دەرەوەى وڵات بۆیان دەکرێت. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی نزیکەى 7 ملیار دینارى ساڵانەى بۆ کڕینی دەرمانی گرانبەها لە دەرەوەى سندووق دابین کردووە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، چارەسەرکردن و چاودێریی نەخۆشانی شێرپەنجە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و لە دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردنیان بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو 9ی مانگی رابردوو نزیکەی 3000 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. پسپۆڕێکی شێرپەنجە دەڵێت، زۆرترین جۆری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمکە، دواتر سییەکان، قۆڵۆن و پرۆستاتە.
ئەمساڵ لە یەک نەخۆشخانەی هەولێر 800 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە هەزار و 485 تووشبوو، لە دهۆکیش زیاتر لە 700 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.
رۆژی یەکشەممە 09-07-2023، دکتۆر هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر کە تایبەتە بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ تەنیا لە نەخۆشخانەکەی ئەوان 800 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون.
دکتۆر چەکدار ئەحمەد، پسپۆڕی شێرپەنجە و یاریدەدەری سەرۆکی سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆک رۆژی یەکشەممە 9-7-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 700 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە سەنتەرەکەمان تۆمارکراون؛ ساڵی رابردوو هەزار و 430 تووشبوومان تۆمارکرد".
د. محەممەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی بەشی داتا لە نەخۆشخانەی هیوا کە تەنیا نەخۆشخانەی حکومەتی تایبەت بە شێرپەنجەیە لە شاری سلێمانی رۆژی یەکشەممە 9-7-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و 485 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمار کراون".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 4ـی شوباتی ئەمساڵ 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەنێویاندا ژمارەیەکی "زۆری" تووشبووان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ