رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 70 پێشکێکشاری ماستەر و دکتۆرا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن داوا دەکەن مەرجی نیشتەجێبوونی ئەو ناوچانەیان لەسەر هەڵبگیرێت بۆئەوەی وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماستەر و دکتۆرا ئەوانیش بگرێتەوە. یەکێک لە نوێنەرانی ئەو پێشکێشکارانە دەڵێت، "سەرجەم بەڵگەکانمان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن." بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "ئەو مەرجە دەمێنێتەوە، چونکە بە هەڵگرتنی مافی خەڵکی دیکە زەوت دەکرێت."
ژمارەیەک لە پێشکێشکارانی پارێزگا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە بە قسەی یەکێک لە نوێنەرەکانیان ژمارەیان 70 کەس دەبێت، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەن لەو بەڵێننامەیەی پێیان پڕدەکرێتەوە مەرجی نیشتەجێبوونیان لە ناوچە کوردستانییەکان وەکو مەرج بۆ وەرگرتنیان لاببرێت.
رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 هۆشیار نازم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئەو پێشکێشکارانەین کە خەڵکی کەرکووک، شنگال، خانەقین و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی تێدایە، بەڵام هەریەکەمان بە پاساوێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێین، بەشێکیان لە ساڵی نەوەدەکانەوە ئاوارە بوون، بەشێکمان لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئێستا بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی پێمان پڕکراوەتەوە دەبێت نیشتەجێی ئەو ناوچە کوردستانییەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بین بۆئەوەی بتوانین بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەین، بۆیە داوامانکردووە ئەو مەرجە لاببرێت."
روونیشیکردەوە، "ئەو مەرجە قورسە، چونکە ئێمە ئێستا نیشتەجێی ئەو ناوچانە نین، باشترە مەرجی نیشتەجێبوونی ئەو شوێنانە لاببرێت و چاوەڕوانین وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێک لەو بارەیەوە دەربکات."
بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی بەو خوێندکارانەی کە پێشکێشی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەکەن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پڕکراوەتەوە، داوا دەکرێت ئەو کەسەی لەسەر پشکی ئەو ناوچانە دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن، دەبێت ئەو کەسانە نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بن، بەڵام بەشێکیان بەهۆی هۆکاری جیاوە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە نیشتەجێن.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەبارەی ئەو کێشەیەوە، رۆژی پێنجشەممە 31-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو مەرجە لانابرێت، چونکە ئەگەر لاببرێت مافی خوێندکاری دیکە زەوت دەکرێت، ناکرێت کەسێک لە هەولێر یان سلێمانی نیشتەجێ بێت و مافی کەسێک زەوت بکات کە لە سنووری مادەی 140 نیشتەجێیە و ئێستاش لەوێیە، بۆیە ئەو دەستپێشخەرییەی کردوومانە بۆ ئەوەیە خەڵکی ئەو ناوچانە لێی سوودمەند بن، نەوەک خەڵکانێک لەبری ئەوان."
رۆژی 12ی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15728 کەس داواکارییان پێشکێش کردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد؛ 11382یان بۆ ماستەر و 2692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و 1477یان بۆ دیپلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کرد، لەکاتێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا نزیکەی حەوت هەزار کورسی راگەیاندبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ