رووداو دیجیتاڵ
بەرەی گەل دەڵێت، ماوهی 10 رۆژه "میلیشیا له یاسا دهرچووهكان" بهردهوامن له رهشبگیری و ههڵكوتانه سهر ماڵی لایهنگرانیان.
بەرەی گەل کە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، ئەمڕۆ یەکشەممە 31-8-2025، لە راگەیێندراوێکدا، داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "ئهو كردهوه نایاسایی و نامرۆڤانهی میلیشیاكانی یهكێتیی نوێ رابگرن". دەشڵێت، "بە تایبەت سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، بەزووترین کات دەستوەردان بکات".
لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی برای و چەندین کەسایەتی سەربازیی نزیک لێیانەوە لە رۆژی 22-8-2025 لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی دەستگیرکران، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە چەندین هێزی جیاوازی ئەمنی بەشدار بوون.
لەبارەی پرۆسەی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگییەوە، بەرەی گەل دەڵێت، "داواكارین یاسا بەبێ ههژموونی حیزبی و كهسی كاری خۆی بكات، نەوەک هێزی میلیشیایی و ویست و رقی كهسی".
هەر ئەمڕۆ، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی لالەزارەوە رایگەیاند، "هیچ کەسێک و هیچ گرووپێکی میلیشیایی لە سەرووی یاساوە نییە".
هەروەها گوتی، "داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەین، ئەرکی خۆیان بە پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ بکەن و دادپەروەر و شەفاف بن، لە هەمانکاتدا دڵنیاببنەوە لەوەی کە مافی هەموو تاکێک پارێزراوە. نابێت کاری گرووپێکی میلیشیایی زاڵ بێت بەسەر ویستی هاونیشتمانیان بۆ ئاشتی، یەکڕیزیی و دیموکراسی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ