لە حەوت کەسی خێزانێک لە بازیان شەش کەسیان نەخۆشیی دەروونییان هەیە؛ 'دۆخمان زۆر خراپە'

31-10-2023
هۆرڤان رەفعەت
خێزانەکە لە دۆخێکی خراپی بژێویدان
خێزانەکە لە دۆخێکی خراپی بژێویدان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێکی حەوت کەسی لە بازیان، شەش کەسیان نەخۆشیی دەروونی و دواکەوتنی ژیرییان هەیە. ئەو خێزانە لە دۆخێکی خراپدان و دایکی منداڵەکان دەڵێت، "سێ مانگە بەشەخۆراکی مانگانەمان نەهاتووە و لە دۆخێکی خراپداین."
 
منداڵەکانی ئەو خێزانە بەگوتەی پزیشکان، دوای تەمەنی 17 ساڵی، نەخۆشیی دەروونی بە سەختی تێیاندا دەردەکەوێت. ستار محەممەد، باوکی منداڵەکان بە رووداوی گوت: "ئێمە خواردنمان دەوێت، رۆن و شەکرمان دەوێت، پێداویستیی منداڵانمان دەوێت و دەبێت دایمە بچین خواردن و شت بۆ منداڵەکان بێنین".
 
بەدریە ساڵح، دایکی منداڵەکانە و دەڵێت، "دۆخی داراییمان زۆر خراپە، سێ مانگە بەشەخۆراکی مانگانەمان نەهاتووە، وەڵاهی دوینێ چووم بۆ لای دابەشکاری خۆراکەکە، بە هەزار تەشەبووز و خۆبچووکردنەوە ئینجا توانیم بایی هەشت هەزار برنجی لێوەرگرم ئەویش بەخوا نەدەخورا".
 
نەبات، کچە بچووکی خێزانەکەیە، تاوەکو پۆلی 9ی ئامادەییشی خوێندووە، بەڵام دۆخی دەروونی تێکچووە و وازی لە خوێندن هێناوە. نەبات محەممەد بە رووداوی گوت: "تاوەکو پۆلی 9ی بنەڕەتیم خوێندووە، دوای ئەوە وازم هێنا، چونکە باوکم جلوبەرگی بۆ نەدەکڕیم، ئەو کاتە دۆخم باشبوو، لە ماڵەکەی خۆشماندا بە پەردەیەک ژوورم بۆ خۆم دروستکردووە، چونکە ماڵەکەمان دەنگە دەنگی زۆر تیایە".
 
یادگار، کوڕە گەورەی خێزانەکەیە، لەسەربانی خانووەکەیان لە ژوورێکی بچووک بە تەنیا دەژی. یادگار محەممەد دەڵێت، "من شوێنم نییە لێی بمێنمەوە، لە ماڵیشەوە هەر دەنگە دەنگی تیایە، بۆیە لەو ژوورەی سەربان دەژین، من لە ساڵی 2017ـەوە ناسنامەی خاوەن پێداویستیی تایبەتم هەیە، بەڵام هەتا ئێستا هەر پێم دەڵێن قەیرانە و مووچەیان بۆ نەبڕیومەتەوە".
 
لەو خێزانە، تەنیا یەک کەسیان مووچەی نیڤشکانی هەیە، چاودێریی کۆمەڵایەتیش دەڵێت، دۆخی خانەوادەکە لە هەموو لایەکەوە خراپە.
 
فەرەیدوون ساڵح، لێپرسراوی بەشی منداڵان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بارودۆخی ئەو خێزانە بەجۆریکە کە دایک و باوکەکەش پێویستییان بە چاودێری و هاوکاریکردن هەیە، پێویستە لەڕووی دەروونی و دارایی و کۆمەڵایەتییەوە، هاوکاری بکرێن، چونکە دۆخیان زۆر خراپە".
 
هەرچەندە گەورەی خێزانەکەش لە ساڵی 2018ـەوە خانەنشین کراوە بە پێشمەرگە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی بۆ نەبەستراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە