پێشبینی دەکرێت لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان باران ببارێت

01-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان هەور دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچەش باران ببارێت. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2023، ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەور دەبێت و "پرووشە باران لە هەندێک ناوچەی جیا لە کاتی جیادا دەبارێت".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە نیوەڕۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و پاشان تاوەباران و هه‌وره برووسکە، سەرەتا لە سلێمانییەوە دەستپێدەکات و دواتر گەرمیان، پێنجوێن، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، کەرکووک، دەوروبەری هەولێر و دهۆکیش دەگرێتەوە".
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا گوتی، شەپۆلەکە دوو رۆژ دەخایێنێت و لە رۆژی دووەمدا کاریگەریی زیاتری لەسەر دهۆک دەبێت. گوتیشی، لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا پلەی گەرما سێ بۆ 5 پلە دادەبەزێت.
 
محەممەد کەمال دەڵێت، بەگوێرەی دەزگا کەشناسییەکانی جیهان و لێکۆڵینەوەی ئەو لە پێشبینییەکاندا، لەماوەی ئەمڕۆ و سبەی پێنجشەممەدا بڕی بارانبارین بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 3 بۆ 5 ملیمەتر
سلێمانی؛ 8 بۆ 15 ملیمەتر
کەرکووک؛ 3 ملیمەتر 
دهۆک؛ 4 ملیمەتر
هەڵەبجە؛ 5 بۆ 10 ملیمەتر
گەرمیان؛ 5 بۆ 14 ملیمەتر
سۆران؛ 8 بۆ 13 ملیمەتر 
راپه‌رین؛ 9 بۆ 14 ملیمەتر
 
"دیارنییە کەی بارانی پەڵە دەبارێت"
 
ئەمڕۆ 1ـی مانگی 11یە و تاوەکو ئێستا بارانی پەڵە نەباریوە، جووتیاران ناتوانن تۆوی دانەوێلە بکەن، بەڵام بەگوتەی ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بۆ رووداو، ساڵی دیکەش هەبووە باران دواکەوتووە بۆ مانگی 11 و ئاسایی بووە.
 
شارەزایان دەڵێن، باشترین کات بۆ پەڵەدان و تۆوکردن مانگی 10یە، بەڵام تاوەکو 15ـی مانگی 11ش پەڵە بدات زیان بە دەخڵودانی جووتیاران ناگەیێنێت. محەممەد کەمال گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ دیار نییە کەی بارانی پەڵە لە هەرێمی کوردستان دەبارێت".
 
بەگوێرەی خاکەکە، بڕی بارانی پێویست بۆ پەڵەدان دەگۆڕێت؛ خاک هەیە بە 40 ملیمەتر باران پەڵە دەدات و دەتوانرێت تۆوی تێدا بچێندرێت؛ خاکیش هەیە 80 ملیمەتر بارانی دەوێت.
 
ساڵی رابردوو بارانی پەڵە لە هەندێک شار کەوتە رۆژەکانی کۆتایی مانگی 11 و چەند ناوچەیەکیش لە مانگی 12دا بارانی پەڵەیان تێدا باری. بەرهەمی دانەوێڵەی ساڵی رابردووش باش بوو.
 
بۆ پێگەیشتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان، 400 بۆ 500 ملیمەتر بارانبارینی ساڵانە پێویستە، لە هەندێک ناوچە کەمێک کەمتر و لە هەندێک ناوچەش لەو بڕە زیاتری دەوێت بۆ بەرهەمێکی باش.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، دوێنێ نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمار کراوە کە 10 پلەی سیلیزی بووە. ئەمڕۆش بەرزترین پلەی گەرما بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت.
 
هەولێر؛ 29 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 27 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 29  پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 30 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 18 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 25 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 34  پلەی سیلیزی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.