رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا بە چەند هۆکارێک ساردی و گەرمییان تێکەوت و هەندێکجاریش گەیشتنە ئاستی گرژی؛ پرسی لامەرکەزیەتی سلێمانی، هەڵبژاردن و کۆرۆنا دیارترین هۆکارەکان بوون.
پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە سەرەتای ساڵەوە بە ساردی دەستیپێکرد، پرسی لامەرکەزیەتی پارێزگاکان لایەنە سیاسییەکانی دابەشکرد، هەریەکە لە گۆڕان و یەکێتی پرۆژەی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەبوو؛ پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش تێبینییان لەسەر پرۆژەکە هەبوو.
شووبات و ئاداری ساڵی 2021 پەیوەندیی پارتی و یەکێتی بە گرژی مایەوە و لووتکەی هەردوولاش کە بڕیاربوو مانگی ئادار ببەسترێت هەڵوەشایەوە، رۆژی هەشتی نیسان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستپێشخەریی کرد و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کۆکردەوە و گرژییەکانی خاوکردەوە.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، "بەڕاستی پەیوەندیی لایەنەکان لە ساڵی 2021 وەکو پێویست نەبوون، زۆر جار کێشەکان ئاڵۆز دەبوون پەیوەندییەکان لە راگەیاندنەوە بە ئاقارێکی خراپ براوە و ناڕەحەتی و نیگەرانیی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە".
نزیکایەتیی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتای ئادار و حوزەیران دەستیانپێکرد، بەڵام شکستهێنانی دوو هەوڵی دروستکردنی بەرەی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، نێوانی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناخۆشکرد. نەوەی نوێ، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو کەوتنە توانجگرتن لە یەکدی و دواتریش ئیسلامییەکان یەکدییان بە رێخۆشکەری شکستی بەرەی ئیسلامییەکان زانی.
رۆژی 20-06-2021 یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستان واژۆکرد، دوای رووداوەکانی 8ی تەممووزی نێوخۆی یەکێتیش، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، قوباد تاڵەبانییان لە شوێنی لاهوور شێخ جەنگی بە سەرۆکی هاوپەیمانیی کوردستان دیاریکرد.
لەسەر پرسەکانی لامەرکەزییەت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پارێزگاری سلێمانی، کە یەکێتی داوای دەکاتەوە، لە ساڵی 2021دا جارێک گرژی کەوتە نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە.
30ی حوزەیرانی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە تورکمانی و کریستیانەکانی کرد و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنەکانی لە هەڵبژاردن بە پێویست زانی، رۆژی پێشتر لەگەڵ پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوەی کرد. پێش ئەوەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
رۆژی 19ی ئایار کۆنفرانسی "هەرێمی کوردستان - عێراق یەکڕیزی و دەستووری زانکۆی کوردستان لە هەولێر" دەرفەتێکی بۆ یەکتر بینینی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان دروستکرد، کە بەشی زۆریان لەسەر ئاستی لووتکە بەشداربوون.
خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی، "پەیوەندیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا لە ئاستی پێویستدا نەبوو، لە ئاستی ئەو ئەرک و ئەو هەموو پرس و رووداوە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان هەن نەبوون، بە تایبەتی پەیوەندیی هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەت، ساردی هەبوو لە نێوانیان, هەندێکجار تاوەکو ئاستی گرژیش دەچوون، بەتایبەت لە بابەتی هەڵبژاردن، پەیوەندییەکان هێشتا هەن و تێکنەچوون، دەرگای حیزبەکان لە یەکدی دانەخراون، کەناڵێک هەر ماوەتەوە کە یەکدی ببینن و باسی کێشە و گرفتەکانیان بکەن".
پەیوەندیی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 جارێکی دیکە گرژیی تێکەوتەوە، هەر زوو لە نێوەڕاستی ئۆکتۆبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانیی کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشی زۆری هێزە سیاسییەکانی سنوورەکە کۆبوونەوە.
رۆژی یەکشەممە 19-12-2021 شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانیی کردەوە و لە دەباشان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە.
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ساڵی 2022 ئەنجامبدرێت، یەکێک بوو لەو پرسانەی کە لایەنە سیاسییەکان لە ساڵی 2021 لەسەری ناکۆک بوون، ئەگەری زۆرە کاردانەوەکانی لە ساڵی نوێ زیاتر بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ