رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە مانگی داهاتوو پێشانگەیەکی کاڵا و بەرهەمی سووریا لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. دامەزراوەی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بۆ پێشەنگە و بازاڕی نێودەوڵەتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ریکلام بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەکەدا دەکات، بەڵام سەرەتا لە رێکلامەکەدا تەنیا ئاڵای عێراق و سووریا بەکارهێنرابوو. دوای بەدواداچوونی رووداو، ئاڵای کوردستانیش لە پۆستەرەکەدا زیادکرا.
رێکلامەکە دوێنێ بڵاوکرایەوە و لە پۆستەری پێشانگەکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وێنەی قەڵای هەولێر دانرابوو کە دوو ئاڵای گەورەی عێراق و سووریای بەسەردا شۆڕ ببووەوە، بەڵام ئاڵای کوردستانی تێدا نەبوو.
تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
ئومێد خۆشناو گوتی، بە هیچ جۆرێک رێگە نادەن وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر ئەو وێنەیە نەبێ و دەبێ ئاڵای کوردستان زیادبکرێ.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، رێگە نادەن ئاڵای کوردستان لەسەر ئەو وێنەیە نەبێ.
محەممەد شوکری گوتی، قسەیان لەگەڵ دەکەن و دەبێ ئاڵای کوردستان زیاد بکەن.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی رووداو کە نزیکەی کاژێر 7:00ـی ئێوارەی سێشەممە بوو بەکاتی هەولێر، پەیجی پێشانگەکە وێنەکەی لە فەیسبووک سڕییەوە.
شەوی رابردوو و دوای سڕینەوەی وێنەکە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، قسەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەو بابەتە کردووە و پێیان راگەیاندوون، ئەو وێنەیە نەگۆڕن، ناتوانن بەشداری لەو پێشانگەیە بکەن.
ئومێد خۆشناویش گوتی، بە سەرپەرشتیارانی پێشانگەکەیان گوتووە، ئەگەر دان بە ئاڵای کوردستاندا دەنێن، دەتوانن پێشانگەکە بکەنەوە و ئەگەریش دانی پێدا نانێن، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لێرە پێشانگە بکەنەوە.
چەند کاژێرێکی کەم دوای بەدواداچوونەکەی رووداو، دامەزراوەی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بۆ پێشەنگە و بازاڕی نێودەوڵەتی وێنەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە و ئاڵای کوردستانی بۆ زیاد کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ