رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی4"، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنی سوپای ئەمریکایان بە چوار مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە راگەیێندراوی ژمارە 7ی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی 4"دا بڵاویکردەوە، لە درێژەی هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی "دووژمنانی ئەمریکی و زایۆنی"، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکن"ی سەر بە سوپای ئەمریکا بە چوار مووشەکی بالیستی پێکراوە.
"زەبرە بەهێزەکانمان چووەتە قۆناخێکی نوێوە"
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە: "زەبرە بەهێزەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر جەستەی شەکەتی سەربازیی دووژمن، چووەتە قۆناخێکی نوێوە و، وشکانی و دەریا لە جاران زیاتر دەبنە گۆڕستانی دەستدرێژیکارە تیرۆریستەکان."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتەکانی داهاتوودا زانیاریی زیاتر و وردەکاریی نوێ لەبارەی ئەم هێرشەوە بڵاودەکەنەوە.
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ زانیارییەکی لەبارەی کەشتییەکە زەبەلاحەکەی بڵاونەکردووەتەوە و پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە پێکرابێت.
ئێران چەندین جۆر مووشەکی بالیستیی هەیە؛ "هەندێکمان ئاشکرا نەکردوون"
رۆژی شەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەمەش ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرەو قۆناخێکی نوێی ململانێ برد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەم هێرشانە کۆتایی بە هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی دەهێنێت.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
گەورەترین کۆگای مووشەکی ناوچەکە
بەگوێرەی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگەی مووشەکی بالیستییە لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. مەودای مووشەکە راگەیێندراوەکانی ئێران دەگاتە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر، کە بەرپرسانی تاران بە پێویستی دەزانن بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان و دەشڵێن، دەتوانێت بگاتە ناو قووڵایی ئیسرائیل.
شارە مووشەکییەکان لە ژێر زەوی
زۆربەی پێگە مووشەکییەکانی ئێران لە تاران و دەوروبەری پایتەختن. جگە لەوەش، لانیکەم پێنج "شاری مووشەکی" ناسراو لە ژێر زەویدا هەن، کە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی (کرماشان و سمنان)، هەروەها چەند پێگەیەکی دیکە لە نزیک ناوچەی کەنداو.
ئەو مووشەکانەی دەگەنە ئیسرائیل
بەگوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (CSIS)، ئێران چەندین جۆر مووشەکی بالیستیی دوورمەودای هەیە کە دەتوانن ئیسرائیل بپێکن.
دیارترین مووشەکەکانی ئێران ئەمانەن:
- سەجیل: مەودای 2000 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- عیماد: مەودای 1700 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- قەدر: مەودای 2000 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- شەهاب-3: مەودای 1300 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- خوڕەمشار: مەودای 2000 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- هەوێزە: مەودای 1350 کیلۆمەتر دەبڕێت.
ئاژانسی فەرمیی "ئیسنا"ی ئێرانی پێشتر بڵاویکردبووەوە، مووشەکی 'سەجیل' دەتوانێت بە خێراییەکی خەیاڵی کە 17 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا بڕوات و مەوداکەی دەگاتە 2500 کیلۆمەتر.
هەروەها مووشەکی 'خەیبەر' بە مەودای 2000 کیلۆمەتر و مووشەکی 'حاج قاسم' بە مەودای 1400 کیلۆمەتر لە ریزبەندیی ئەو مووشەکانەن کە مەترسین بۆ سەر ئیسرائیل.
جۆرەکانی دیکەی چەکخانەی ئێران
کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، تاران چەندین جۆری دیکەی مووشەکی هەیە، لەوانە:
- شەهاب-1: مەودای 300 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- زولفەقار: مەودای 700 کیلۆمەتر دەبڕێت.
- شەهاب-3: مەودای 800 تاوەکو 1000 کیلۆمەتر دەبڕێت.
ئێران ئێستا کار لەسەر پەرەپێدانی مووشەکی 'عیماد-1' دەکات کە مەوداکەی 2000 کیلۆمەترە، لەگەڵ نەوەیەکی نوێی مووشەکی 'سەجیل' کە چاوەڕوان دەکرێت مەوداکەی لە نێوان 1500 بۆ 2500 کیلۆمەتر بێت.
ئێران: مووشەکمان هەیە تاوەکو ئێستا ئاشکرامان نەکردووە
ئیبراهیم جەباری، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند، "پێویستە ترەمپ ئەمە بزانێ، ئێمە بۆ ئەوەی چەندین ساڵ لەگەڵ ئێوە شەڕ بکەین، ئەمڕۆ پێشکەوتووترین کەرەستەمان هەیە."
جەباری گوتی: "لە سەرەتای شەڕدا، هەر شتێکی کۆنەمان لە کۆگەکان هەبێ بەکاریدەهێنین، بەڵام دواتر بەهێزترین مووشەکەکانمان دەهاوێژین. ئەو شتەی کە تاوەکو ئێستا ئاشکرامان نەکردووە، وەکو ئێرانییەکان دەڵێن، ئەوانەی خستوومانەتە نێو خێواوک، لەم رۆژانەدا ئەمانەش ئاشکرا دەکەین."
عێراقچی: بۆ بەرگری لە خۆمان هیچ سنوورێک ناناسین
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تیرۆرکردنی رێبەری باڵای وڵاتەکەی "کارێکی زۆر مەترسیدار و بێ پێشینەیە" و ئاشکرای کرد، بۆ بەرگری لە خۆیان هیچ سنوورێک ناناسن.
دەشڵێت: "دەستمان کردووە بە لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا."
عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، تیرۆرکردنی رێبەری باڵا رووبەڕووبوونەوەکان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەکات و گوتی: "ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئێمە لە پاراستنی خۆماندا هیچ سنوور و بەربەستێک ناناسین."
هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانیان دەستیان کردووە بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و ئەمەش وای کردووە ئەمریکاییەکان دەست بە چۆڵکردنی بنکەکانیان بکەن.
عێراقچی جەختی کردەوە: "ئێمە هێرش ناکەینە سەر دراوسێکانمان لە وڵاتانی کەنداو، بەڵکو هێرش دەکەینە سەر سەربازی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا."
هەروەها گوتیشی: "ناکرێ دراوسێکانمان چاوەڕوانی ئەوەمان لێ بکەن کە ببینین هێرش لە خاکەکەیانەوە دەکرێتە سەرمان و ئێمەش بێدەنگ بین."
"دەزانین هەندێ لە دراوسێکانمان لێمان تووڕەن، با ناڕەزایەتیی بگەیێننە ئەمریکا"
عێراقچی باسی لەوە کرد، بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هاوتاکانی لە ناوچەکەدا و دەزانێت هەندێکیان لەم دۆخە تووڕەن، بەڵام گوتی: "دەبێت بزانن ئەمە شەڕێکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەرماندا سەپێنراوە، هیوادارم دراوسێکانمان ناڕەزایەتییەکانیان بگەیێننە ئەوان."
ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە هێزە چەکدارەکانیان کردووە لە کاتی لێدانی ئامانجەکاندا، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ