رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات بە فەرمی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە تاران راگەیاند و بڕیاریدا باڵیۆز و تەواوی دیپلۆماتەکانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکشێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە دوای "دەستدرێژییە مووشەکییە ئاشکراکانی ئێران" دێت کە خاکی ئیماراتیان کردووەتە ئامانج.
وەزارەتەکە دەڵێت، هێرشەکان بنکە و شوێنە سڤیلەکانی گرتووەتەوە، لەوانە: "ناوچە نیشتەجێبوونەکان، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە و وەک "پەرەسەندنێکی مەترسیدار و نابەرپرسانە" وەسفی کردووە، کە پێشێلکردنی ئاشکرای "سەروەریی نیشتمانیی ئیمارات و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی کردەوە، ئەم هەڵوێستە نیشانەی سووربوونی وڵاتەکەیانە لەسەر رەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایش و سەروەرییەکەی.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامیی ئەم "رێبازە شەڕانگێزییە" دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو دەرفەتەکانی هێورکردنەوە و ناوچەکە بەرەو ئاراستەیەکی زۆر مەترسیدار دەبات، کە هەڕەشە لە ئاسایشی وزە و سەقامگیریی ئابووریی جیهانیش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ