رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شارە دراوسێکانی ئێرانیان هەژاند، ئەمەش کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تاوەکو ئێستا دوو کەس لە ئەبو زەبی کوژراون و ئاگر لە ناوچەی گەشتیاریی (نەخیل) لە دوبەی بەرزبووەوە.
رۆژی یەکشەممە 01-03-2026 وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، ئێران 137 مووشەک و 209 درۆنی ئاراستەی خاکەکەیان کردووە. هەرچەندە زۆربەیان تێکشکێندراون، بەڵام پاشماوەی مووشەکەکان و هەندێک پێکان زیانی گیانییان لێکەوتەوە.
بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی زاید لە ئەبو زەبی رایانگەیاند، کەسێک کوژراوە و حەوتی دیکەش بریندار بوون. هەروەها هەر لە پایتەختی ئیمارات، هاووڵاتییەکی پاکستانی بەهۆی کەوتنی پاشماوەی مووشەک گیانی لەدەستدا. لە دوبەیش، چوار کەس لە ناو فڕۆکەخانە و چوار کەسی دیکەش لە ناوچەی گرانبەهای نەخیل بریندار بوون.
هەولێر و بەغدا
هەردوو شاری هەولێر و بەغدا لە هێرشەکان بەدەر نەبوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 9 جار بە مووشەک و درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە دوو جاری دوایینیان گرووپێکی عێراقیی نزیک لە ئێران بەرپرسیارێتیی گرتە ئەستۆ، ئەویش گرووپی (سەرایا ئەولیا دەم) بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکان بە زیاتر لە 27 درۆن و مووشەک کراون، بەڵام بەرپەرچی هەمووی دراوەتەوە و هیچیان نەکەوتوونەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کاژێر 11:50ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ [شەممە]، ناوچەی جرف نەسر (جرف سەخر) لە باکووری پارێزگەی بابل بەر چەندین هێرشی ئاسمانی کەوت."
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد کە دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
قەتەر؛ بنکەی عودەید لە ناو جەرگەی هێرشەکاندا
بەرپرسانی قەتەر ئاشکرایان کرد، ئێران 65 مووشەک و 12 درۆنی بەرەو خاکەکەیان هاوێشتووە. زۆربەی هێرشەکان بنکەی عودەیدیان کردبووە ئامانج کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
لەم هێرشانەدا هەشت کەس بریندار بوون کە تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. مەها مەنباز، خوێندکارێکی پەرستاری لە دەوحە گوتی: "ئێمە لە داهاتوو دەترسین و نازانین رۆژانی داهاتوو چیمان بەسەر دێت."
کوێت و بەحرێن؛ پێکانی فڕۆکەخانە و بنکەی پێنجەم
درۆنێکی ئێرانی کێشای بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێتدا و بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لەو وڵاتە کرایە ئامانج، کە تێیدا سێ سەربازی کوێتی و 12 کەسی دیکە بریندار بوون.
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، مووشەکێکی ئێرانی "زیانی زۆری" بە رێڕۆی فڕینی بنکەیەکی ئاسمانی گەیاندووە کە هێزە ئاسمانییەکانی ئیتاڵیای تێدا جێگیرە.
لە بەحرێنیش، دووکەڵ لە بنکەی (کەشتیگەلی پێنجەم)ـی دەریایی ئەمریکا لە مەنامە بەرزبووەوە و چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوونیش لە ناوچەی جوفەیر کرانە ئامانج، کە وایکرد هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ خەڵکەکە رەوانەی پەناگەکان بکەن.
سعودیە؛ هێرش بۆ سەر ریاز و رۆژهەڵات
مووشەکە بالیستییەکانی ئێران گەیشتنە ئاسمانی شاری ریازی پایتەخت و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە. ئەم هەڵکشانە زۆرە وایکرد، بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات بە تەلەفۆن قسە بکەن و هاوسۆزی و هاوپەیمانیی خۆیان دژی هێرشەکانی ئێران دووپات بکەنەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سێنتکۆم (CENTCOM) رایگەیاند، هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی زیانی بەرنەکەوتووە و زیانەکانی بنکە سەربازییەکانیشیان زۆر کەم بووە و هیچ قوربانییەکی ئەمریکی تۆمار نەکراوە. هاوکات، هەریەکە لە ئیمارات، قەتەر و کوێت داخستنی تەواوەتیی ئاسمانی وڵاتەکانیان راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ