سعودیە: رێگریمان لە نزیکەی 270 هەزار کەس کردووە ویستوویانە بەنایاسایی حەج بکەن

01-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی سعودیە دەڵێن، توانیویانە رێگری لە 269 هەزار و 678 موسڵمان بکەن بە نایاسایی بچنە نێو مەککە و حەج بکەن. دەشڵێن، هەوڵەکانیان بۆ رێگری لە رێگە نایاساییەکان بۆ گەیشتن بە شارەکە بەردەوامن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 1ی حوزەیرانی 2025، بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 400 هەزار کەس بۆ بەجێگەیاندنی حەج چوونەتە مەککە. دەشڵێن، پێشبینی چوونی ژمارەیەکی زیاتر دەکەن. 
 
بە گوتەی بەرپرسانی شاری مەککە، رێگریان لە 269 هەزار و 678 کەسیش کردووە بە نایاسایی بچن حەج بکەن. دەشڵێن، هەر کەسێک بە نایاسایی بیەوێت حەج بکات ئەگەری سزادانی بە دیپۆرتکردنەوە و پێبژاردنی پێنج هەزار دۆلار هەیە. ئاماژە بەوەش دەکەن، 23 هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەیان بە هۆکاری پێشێلکردنی یاساکانی حەج سزاداوە و مۆڵەتی 400 کۆمپانیاشیان بە هەمان هۆکارەوە بۆ بردنی حاجییان هەڵوەشاندووەتەوە. 
 
محەممەد عومەر، بەرپرسی سەربازیی سعودیە رایگەیاند، چاودێری رێوڕەسمی حەج دەکەن و هەرکەسێک سەرپێچی یاساکان بکات، دەستگیر دەکرێت. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی سعودیە، پار هەزار و 301 کەس لەکاتی رێوڕەسمی حەج دا مردن. هۆکارەکەی بۆ بەرزیی پلەی گەرما و زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی بەشداری حەجیان کردبوو، گەڕێندرایەوە. ئەم ساڵیش تاوەکو ئێستا، شەش حاجی مردوون. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە