رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سێ هاووڵاتیی تورک کە یەکێکیان سەرباز بووە، لەگەڵ سێ سەربازی قەتەری، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە ئاوە هەرێمییەکانی ئەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، وەزارەتی بەرگریی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، هەر شەش سەرنشینی هێلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بێسەروشوێنە.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر پێشتر رایگەیاندبوو، هێلیکۆپتەرەکە لە کاتی ئەنجامدانی گەشتێکی رۆتینیدا و بەهۆی "گرفتێکی تەکنیکی"یەوە کەوتووەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە ئەنجامی رووداوەکەدا 3 هاووڵاتیی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان سەرباز بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاوکاری و هاوئاهەنگی سەربازیی نێوان کۆماری تورکیا و قەتەر، لە چوارچێوەی رێککەوتن و پلانەکانی ئێستادا بەردەوامن.
وەک وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی دەکات، هێلیکۆپتەرێکی سەر بە هێزە سەربازییەکانی قەتەر کە لە چوارچێوەی (فەرماندەیی هێزی هاوبەشی قەتەر-تورکیا) دا چالاکیی راهێنانی ئەنجام دەدا، ئێوارەی 21ـی ئادار بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە تووشی رووداوی تێکشکان بوو و کەوتە نێو دەریا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ چالاکیی گەڕان و رزگارکردن دەستیپێکرد و لە رووداوەکەدا چوار کارمەندی هێزە چەکدارەکانی قەتەر، کارمەندێکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و دوو تەکنیککاری کۆمپانیای ئاسێلسان گیانیان لەدەستدا.
هۆکاری تێکشکانەکە دوای ئەو لێکۆڵینەوانە دیاری دەکرێ کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی قەتەرەوە ئەنجام دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ