ئێران دەڵێت بە "پێداگرییەوە پشتیوانی" لە حکومەتی سووریا دەکات

01-12-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی "بە پێداگرییەوە" پشتیوانی لە حکومەتی سووریای هاوپەیمانی دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت دژی هێرشی گرووپە چەکدارە جیهادییەکان بەرگری لە خۆی بکات.
 
عێراقچی، کە بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی دیمەشق و دواتر ئەنقەرە بکات، لە پەراوێزی رێوڕەسمێکی تایبەت بە رۆژی هێزی دەریایی ئێران لە دوورگەی کیش قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و، گوتی "ئەمڕۆ سەردانی دیمەشق دەکەم بۆ ئەوەی پەیامی کۆماری ئیسلامی بە حکومەتی سووریا بگەیێنم. ئێمە بە پێداگرییەوە پشتیوانی لە سوپا و حکومەتی سووریا دەکەین."
 
عێراقچی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان "هیچ جیاوازییەک" لەنێوان "زایۆنییەکان و گرووپە چەکدارە تەکفیرییەکان" نابینن، کە مەبەست لێی ئیسرائیل و دەستەی تەحریری شامە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی "ئێمە بڕوامان وایە، دوای شکستی رژێمی زایۆنی، دووژمن هەوڵدەدات بەم گرووپە تیرۆریستانە نەخشە چەپەڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە جێبەجێبکات."
 
دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، رۆژی چوارشەممە دەستیان بە هێرشێکی گەورە بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی، کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکەیان راگەیاند، دواتر بەرەو حەما و حمس پێشڕەویان کرد. سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، سوپای سووریا "بێ ئەوەی بەرگرییەکی ئەوتۆ نیشانبدات،" لەو ناوچانە کشاوەتەوە. 
 
هێرشەکە لەکاتێکدا دێت، ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پشتیوانییان دەکات و بە درێژایی شەڕی نێوخۆی سووریا پشتیوانییان لە ئەسەد دەکرد، لە وڵاتەکانی خۆیاندا سەرقاڵی شەڕی دژی ئیسرائیلن. 
 
ئێران پێشتریش ئیسرائیل و ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی لە پشت هێرشە کتوپڕەکەوەن.
 
عێراقچی ئەمڕۆ یەکشەممە، گوتی، بڕوای وایە سوپای سووریا "جارێکی دیکە بەسەر ئەم گرووپە تیرۆریستانەدا سەردەکەوێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە