رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە ئەگەری هەر هێرشێکدا وەڵامی تووندیان دەبێ. لەبارەی کەشتیگەلی ئەمریکاش کە هاتووەتە ناوچەکە دەڵێت: ''لە رێگەی سەربازییەوە گەمارۆ نادرێین. پێداوچوونەوەمان بە سیستمی بەرگری کردووە و روومان کردووەتە ستراتیژیی هێرشکردن''.
رۆژی دووشەممە، 02-02-2026، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران لەکاتی سەردانکردنی یەکێک لە یەکە تایبەتەکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: ''بچووکترین هەڵەی دووژمن، رێگەی ئێمە بۆ هەر هەنگاوێک دەکاتەوە.''
عەبدولڕەحیم موسەوی ئاماژەی بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران کرد و گوتی: ''ئەو کات هیچ ئەمریکییەک لە ئاسایشدا نابێ و ئاگری جەنگ ناوچەکە، ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەسووتێنێت.''
ئەمریکا هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە. دوێنێ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ناتوانم هەموو شتەکان باس بکەم، بەڵام کەشتییەکی زۆر گەورە و بەهێزمان بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات. هیوادارم ئەوان [ئێران] دانوستاندن لەسەر شتێک بکەن، کە جێگەی قبووڵکردن بێت."
سوپاسالاری ئێران لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپدا گوتی، هیچ کات ناتوانرێ وڵاتەکەی لە رێگەی سەربازییەوە گەمارۆ بدرێ، ''چونکە ئێران بەرفراوان و بەهێزە و دوای جەنگی 12 رۆژە، پێداچوونەوەمان بە سیستمی بەرگریدا کرد و روومان کردووەتە ستراتیژیی هێرشبەری.''
عەبدولڕەحیم موسەوی هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە ''وەڵامیان بۆ هەر هێرشێک خێرا و یەکلاییکەرەوە دەبێ. ئێران بە هیچ شێوەیەک چاو لەسەر دووژمن هەڵناگرێ و بۆ وەڵامدانەوە و لێدانی زللەیەکی تووند، ئامادەیی تەواومان هەیە''.
هەر دوێنێ یەکشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە گوتارێکدا سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکان و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بۆ ناوچەکە هۆشداری دا و گوتی: "با ئەمریکییەکان ئەوەش بزانن، ئەگەر ئەم جارە شەڕێک هەڵگیرسێنن، ئەو شەڕە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی."
کاتێک لەبارەی هۆشدارییەکەی عەلی خامنەیی پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بێگومان ئەو شتی وا دەڵێت''. ترەمپ دەشڵێ: ''هیوادارم رێککەوتنێک بکەین. ئەگەر رێککەوتنیش نەکەین، ئەو کاتە دەزانین کە ئایا ئەو راستی دەکرد یان نا".
لە مانگی نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکرا. بڕیار بوو دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکرێ، بەڵام دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بە دەستپێشخەری تەلئەڤیڤ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دانوستاندنانەی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ