سەرۆکی ناوەندی خەلیج بۆ لێکۆڵینەوە: وڵاتانی کەنداو کۆتایی بە بێلایەنی دەهێنن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
د. عەبدولعەزیز سەقەر، سەرۆکی ناوەندی خەلیج بۆ لێکۆڵینەوە
د. عەبدولعەزیز سەقەر، سەرۆکی ناوەندی خەلیج بۆ لێکۆڵینەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

د. عەبدولعەزیز سەقەر، سەرۆکی ناوەندی خەلیج بۆ لێکۆڵینەوە دەڵێ، مامەڵە "سەیرەکانی" ئێران و هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، وادەکات وڵاتانی کەنداو لە بێلایەنی بچنە دەرەوە و بیر لە رێگەی دیکە بکەنەوە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان، لەوانەش رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی خاک و ئاسمانیان بۆ وەڵامدانەوەی تاران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا گەڕانی هاوبەشی هێزی ئاسمانیی وڵاتانی کەنداو بۆ پاراستنی ئاسمانیان ببینین.
 
پێشهاتەکان لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران وایکردووە وڵاتانی کەنداو زیاتر لە هەر کاتیکی دیکە لە چوونە نێو شەڕەکەوە نزیک بن، بە تایبەتی کە لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە ئێران بە تووندی وڵاتانی کەنداو دەکاتە ئامانج.
 
عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، ئەمانە هێرش نین بۆسەر ئەو وڵاتانە، بەڵکو هێرشن بۆسەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا، کە ئەو بنکانەش وەکو خاکی ئەمریکا وان. بەڵام وڵاتانی کەنداو دەڵێن هێرشەکانی ئێران ژێرخان و ناوچەی سڤیلنشین دەکەنە ئامانج.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، ژمارەیەک وڵاتی کەنداو لەگەڵ ئوردن و ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان هەبوو و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان کرد.
 
لە راگەیێندراوەکە کە سعودیە، بەحرێن، ئوردن، کوێت، قەتەر، ئیمارات و ئەمریکا پێکەوە بڵاویانکردەوە، هاتووە: "ئەم رەفتارانەی ئێران هەڵکشانێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری هەرێمی. یەکڕیزین بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییان و سەروەری و خاکمان". هەروەها جەختیان لە مافی بەرگریکردن لە خۆیان کردەوە.
 
"هێرشەکان بۆسەر هۆتێل و ناوچە سڤیلنشینەکانن"
 
د. عەبدولعەزیز سەقەر لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بە پاساوی لێدانی بنکە بیانییەکان هێرش دەکات، بەڵام لە راستیدا ناوچە سڤیلنشینەکان دەکاتە ئامانج. 
 
ئەو پسپۆڕە گوتی: "ئێران دەستدرێژی کردە سەر خەڵکی ئێمە لە کوردستان لە هەولێر بە پاساوی پێکانی ئامانجی ئەمریکی، لە کەنداویش بەو پاساوە هێرش دەکات، بەڵام هێرشەکان دەکرێنە سەر کۆمەڵگە سڤیلەکان و هۆتێلەکان. ئەمە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتانە."
 
کۆتایی قۆناخی بێلایەنی
 
سەرۆکی ناوەندی خەلیج بۆ لێکۆڵینەوە باس لەوە دەکات کە وڵاتانی کەنداو هەمیشە هەوڵی هێورکردنەوەیان داوە، بەڵام هێرش بۆسەر دامەزراوەکانی نەوت و دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز هاوکێشەکەی گۆڕیوە.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی: "ئەو وڵاتەی پێشتر ئێمە وەک کەنداو نێوەندگیریمان بۆ دەکرد، ئێستا هێرش دەکاتە سەر وڵاتەکانمان. بۆیە بێلایەنی کۆتایی هات و ئێستا وڵاتانی کەنداو مافی بەرگرییان هەیە؛ یان لە رێگەی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا یان رێگەدان بە واشنتن بۆ بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی وڵاتانی کەنداو."
 
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی وزەی سعودیە رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکەوە کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر، هەندێک لە کارەکانی پاڵاوگەی گەورەی "رەئس تەنورە" لە وڵاتەکەی راگیراون.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی وزەی سعودیەدا هاتووە: "هەندێک یەکەی کارپێکردن لە پاڵاوگەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزی داخران، ببێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان هەبێت."
 
هێزی هاوبەشی کەنداو دەکەوێتە گەڕ؟
 
لەبارەی هەنگاوە کردارییەکانی داهاتوو بۆ پاراستنی ناوچەکە، بن سەقەر ئاماژەی بە "هێزی قەڵخانی جەزیرە" کرد و رایگەیاند: "رەنگە لەمەودوا گەڕانی هاوبەشی هێزە ئاسمانییەکانی قەتەر، سعودیە و ئیمارات ببینین بۆ پاراستنی ئاسمانی ناوچەکە لە هەڕەشەکانی ئێران."
 
"توانای سەربازیی ئێران لە پاشەکشەدایە"
 
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و سەربازیی ئێران، د. عەبدولعەزیز سەقەر  پێیوایە تاران لە دۆخێکی لاوازدایە و دەڵێت: "ئێران هەموو توانا بەرگرییەکانی لە ئاستێکی پێویستدا نین و مووشەکە بالیستییەکانی بەشێوەیەکی گەورە کەم دەبنەوە. درۆنەکانیش تەنیا شتی بێزارکەرن و نەخشەی جەنگ ناگۆڕن." 
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد کە نەبوونی فەرماندەییەکی ناوەندیی تۆکمە و پەرتبوونی دەسەڵات لەنێو ئێراندا، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی تاران دروست کردووە.
 
د. عەبدولعەزیز سەقەر لە قسەکانی بۆ رووداو، هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت: "باشترە ئێران دۆخی ناوخۆی باش بکات و بەدەم داواکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە بچێت، چونکە وڵاتانی کەنداو بە هەموو توانایەکیانەوە بەرگری لە خۆیان دەکەن و بۆ ئەمەش ئاسانکاری بۆ هەر لایەنێک دەکەن کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەیەکی ئیسرائیل دوای ئەوەی مووشەکی ئێران لێیداوە

سوپای پاسداران: بە مووشەکی بالیستی هێرشمان کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر کۆمەڵگەی حکومیی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ و چەند ناوەندێکی سەربازی و ئەمنی لە حەیفا و قودس- ئورشەلیم