رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی چڕی ئێرانیان داوەتەوە و توانیویانە چەندین فڕۆکە، مووشەک و درۆن تێکبشکێنن. دەشڵێت، هەموو ئامانجەکان پێش ئەوەی بگەنە ناوچە مەدەنییەکان، لەناوبراون.
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی ئاستی بەرزی ئامادەباشی و هاوئاهەنگی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکان، هێزی ئاسمانیی قەتەر توانی دوو فڕۆکەی جەنگیی ئێران لە جۆری سوخۆ 24 بخاتە خوارەوە".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "سیستەمە بەرگرییەکان حەوت مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە، هاوکات هێزە ئاسمانی و دەریایی پێنج درۆنیان بەرپەرچ داوەتەوە کە ئاراستەی چەند ناوچەیەکی قەتەر کرابوون".
رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ترەمپ دەڵێت، 49 سەرکردەی ئێرانییان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانە. هەروەها، لە وەڵامی هێرشەکەدا ئێران هێرشیکردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی ئەمریکا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە دیارترینیان لە ئوردن، بەحرێن، ئیمارات، قەتەر، کوێت و سعودیە بوون.
وەزارەتی بەرگری قەتەر رایگەیاندووە، "هێزە چەکدارەکانی قەتەر خاوەنی توانا و سەرچاوەی تەواون بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و خاکەکەمان، هەروەها وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی بە توندی".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە هاووڵاتییان، دانیشتووان و سەردانیکەران کراوە کە ئارام بن و تەنیا پشت بە رێنمایی و ئەو زانیارییانە ببەستن کە لە کەناڵە فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ