بەرگریی شارستانیی غەززە: لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل 29 کەس کوژراون

02-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی لە کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا 29 کەس کوژران.
 
رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025 محەممەد موغەیر، بەرپرس لە بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا 29 کەس کوژران کە نۆیان لە کەمپی بریجی نێوەڕاستی کەرتی غەززە، شەشیان لە باکووری بەیت لەهیا، شەشیان لە شاری غەززە و هەشتەکەی دیکەش لە ناوچەکانی دیکە بوون.
 
7ی تشرینی یەکەمی 2023 جەنگی حەماس و ئیسرائیل بە هێرشی بزووتنەوەکە بۆسەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد. دواتر، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد.
 
15ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند کە تاوەکو 2ی ئادار بەردەوام بوو. ئەو کات ئیسرائیل و حەماس نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ درێژەدان بە ئاگربەستەکە و ئیسرائیلیش رێگەی لە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە گرت. رۆژی 18ی ئادار، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنەوەی کەرتی غەززە کردەوە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە 52 هەزار و 418 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون کە دوو هەزار و 326یان لە 18ی ئاداری ئەم ساڵەوە بوون.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023دا هەزار و 218 هاووڵاتی کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە گیران کە 58یان لە غەززە ماون و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34یان مردوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە