رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، وەزیری بەرگری فەرمانی هێشتنەوەی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژ کردووەتەوە، بۆئەوەی بتوانن بۆ هێرشەکانیان بۆسەر حووسییەکانی یەمەن سوودیان لێوەربگرن.
رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025 بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لەسەر داوای ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا؛ پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کردووە مانەوەی کەشتیی یو ئێس ئێس تروومان لە دەریای سوور وەکو بەشێک لە پلانی جێبەجێکردنی هێرشی ئەمریکا بۆسەر حووسییەکانی یەمەن بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژ بکاتەوە. دەشڵێت، وەزیری بەرگری هەمان فەرمانی بۆ کەشتیی یو ئێس ئێس کارڵ ڤینسنی فڕۆکەهەڵگری دەرکردووە، کە هەفتەی رابردوو گەیشتە کەنداوی عەدەن.
لە 15ی ئاداری ئەم ساڵەوە ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن چڕکردووەتەوە.
بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، لەو کاتەوە زیاتر لە 1000 ئامانجیان لە یەمەن بۆردوومان کردووە.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، تاوەکو حووسییەکان هێرشەکانیان بۆسەر ئەو کەشتییانەی بە دەریای سووردا دەڕۆن رانەگرن، ئەوانیش لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ