رووداو دیجیتاڵ
ئەو فڕۆکەیەی چالاکڤانەکانی کەشتیگەلی جیهانیی سمودی هەڵگرتبوو، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای ناوەڕاست دەستبەسەر کرابوون، شەوی 1 لەسەر 2ی ئایار لە ئیستەنبووڵ نیشتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە کۆی 20 چالاکڤانی دەستبەسەرکراوی تورکیا لەلایەن ئیسرائیل، 18یان گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکەیان. باس لەوەش دەکرێت، دوو چالاکڤانەکەی دیکە کە بەهۆی پشکنینی تەندروستییەوە نەیانتوانیوە سواری فڕۆکەکە بن، بڕیارە سبەینێ بگەیێندرێنەوە تورکیا.
فڕۆکەکە لە دوورگەی کریتی یۆنانەوە بەرەو ئیستەنبووڵ هاتووە و 59 کەسی هەڵگرتووە، کە 57ـیان ئەو چالاکڤانانەی کەشتیگەلی جیهانیی سمودن، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کرابوون و رادەستی یۆنان کرابوونەوە، لەناو فڕۆکەکەدا جگە لە 18 چالاکڤانی تورک، 4 ئەمریکی، 5 ئەرجەنتینی، 2 ئوسترالی، 1 بەحرەینی، 2 بەڕازیلی، 6 بەریتانی، 1 هۆڵەندی، 3 ئیسپانی، 2 ئیتاڵی، 10 مالیزی، 1 مەکسیکی، 1 پاکستانی، 1 شیلی و 2 نیوزلەندی هەبوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، 31 چالاکڤانی بریندار دوای رادەستکردنیان بە یۆنان لەلایەن ئیسرائیل، بۆ چارەسەری فریاگوزاری سەرەتایی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سیتیای ئەو دوورگەیە، لە نێویاندا 2 چالاکڤانی تورک هەن. وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دەڵێت، ئەمرۆ ئەو دوو چالاکڤانەش دەگەرێنینەوە تورکیا.
شەوی 29ی نیسان، سوپای ئیسرائیل لە کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان، هێرشی کردە سەر بەلەمەکانی کەشتیگەلی جیهانیی سمود.
لە هێرشەکەدا، سوپای ئیسرائیل 175 چالاکڤانی دەستبەسەر. بەگوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە لەلایەن تیمی کەشتیگەلی جیهانی سمود بڵاوکراونەتەوە، سەربازانی ئیسرائیل سوکایەتی بە چالاکڤانان کرادووە و ئەشکەنجەی داون.
کەشتیگەلی جیهانیی سموود لە 12ی نیسانی 2026 لە بەرشەلۆنەی ئیسپانیاوە بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بەڕێکەوت، لە 23ی نیسان گەیشتە کەناراوەکانی سیسیلیای ئیتاڵیا، لەوێشەوە بەرەو غەززە بەرێکەوت؛ کە 58 کەشتی و 345 کەس لە 56 وڵاتی جیاواز لەسەر کەشتییەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ