ئیسرائیل هێرشیکردەوە سەر باشووری لوبنان؛ لانیکەم 15 کەس کوژران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، رۆژی پێنجشەممە لانیکەم 15 کەس کوژران. جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان سەرکۆنەی "پێشێلکارییە بەردەوامەکان"ـی ئیسرائیل دەکات سەرەڕای هەبوونی رێککەوتنی ئاگربەست.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە هێرشەکانی سەر شارۆچکەکانی جبشیت، توول و حارووف، 9 کەس کوژراون کە لە نێویاندا 2 منداڵ و 5 ژن هەن، هەروەها 23 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان بۆ راگەیاندن، ئاماژەی بەوە کرد، لە شارۆچکەی جبشیت خێزانێکی 4 کەسی (دایک و باوک و 2
منداڵ) کوژراون.
 
هەروەها وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، لە شارۆچکەی زەبدین 6 کەسی دیکە کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی درۆنێکی ئیسرائیلی بە 2 مووشەک کۆبوونەوەیەکی هاووڵاتیانی لە نزیک گۆڕستانی شارۆچکەکە کردە ئامانج. 
 
لە لایەکی دیکەوە، سوپای لوبنان رایگەیاند، سەربازێکیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ماڵەکەیان لە شارۆچکەی کەفەر رەمان کوژراون.
 
جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوور گوتی: "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە باشوور بەردەوامن سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست. وێرانکردنی خانووەکان و شوێنە ئایینییەکان بەردەوامە و ژمارەی قوربانیانیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات."
 
سەرۆککۆماری لوبنان جەختی کردەوە، دەبێت گوشار بخرێتە سەر ئیسرائیل تاوەکو رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و دەست لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل، تیمەکانی فریاگوزاری و ناوەندە تەندروستییەکان هەڵبگرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازێکیان لە کاتی شەڕدا لە باشووری لوبنان کوژراوە، بەمەش ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەو وڵاتە لەو ناوچەیە لە سەرەتای شەڕەکەوە گەیشتە 17 سەرباز.
 
ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست
 
رێککەوتنی ئاگربەست کە لە 17ـی نیسانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە. ئیسرائیل و حیزبوڵڵا یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن. 
 
بەپێی ئەو دەقەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە "هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ بەرگری لە خۆی" بگرێتەبەر بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک.
 
ئەم بڕگەیە لە لایەن حیزبوڵڵاوە بە تەواوی رەتدەکرێتەوە و بە "پێشینەیەکی مەترسیدار" وەسفی دەکات. ئیبراهیم مووسەوی، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا داوای لە سەرۆککۆمار کرد، "هەڵوێستێکی روونی هەبێت و بە ئاشکرا ئەو مەرجە رەتبکاتەوە."
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 2500 کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 1.6 ملیۆن هاووڵاتی. 
 
هەرچەندە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست بەردەوامن، بەڵام ئیسرائیل ناوچەیەکی دابڕاوی بە ناوی "هێڵی زەرد" لە ناو خاکی لوبنان دروست کردووە و بەردەوامە لە تەقاندنەوەی خانووەکانی گوندە سنوورییەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل. وێنە: Reuters

کاتس: رەنگە ئیسرائیل ناچار بێت جارێکی دیکە دژی ئێران بجووڵێتەوە

رۆژی پێنجشەممە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رەنگە وڵاتەکەی "ناچار بێت" جارێکی دیکە دژی ئێران بجووڵێتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە وڵاتەکەی ناکات.