رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بە ڤیدیۆ دیمەنی کەشتییە گیرخواردووەکانی لە تەنگەی هورمز بڵاوکردەوە و دەڵێت، کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لەنگەریان گرتووە و ناتوانن بۆ هیچ شوێنێک بچن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی 123 دۆلار بەرزبووەوە، هۆکارەکەش چەقبەستنی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، کە ئەگەری کردنەوەی تەنگەکە و هێنانەدیی کۆتاییەکی هەمیشەیی بۆ شەڕی ئێرانی خستووەتە گومانەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ سنووری 113 دۆلار دابەزییەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە دیار نییە. ئەمریکا بەردەوامە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و لە بەرامبەریشدا تەنگەی هورمز داخراوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێکیش لە رۆژی پێنجشەممە سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی گرژییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، هیواکانی بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە شەڕەکە لەباربرد.
داخستنی تەنگەکە لەلایەن ئێرانەوە، گوشاری خستووەتە سەر هەردوولا و کاریگەریی گەورەشی لەسەر ئابووریی جیهان دروستکردووە، بە جۆرێک بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، سووتەمەنی و سەرجەم ئەو بەرهەمانەی دیکە کە لە نەوت دروستدەکرێن.
بەهۆی ئەم دۆخەشەوە بێئومێدی و نیگەرانییەکان روویان لە زیادبوون کردووە، هەربۆیە لەم هەفتەیەدا دەیان وڵات جارێکی دیکە داوایان کرد ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیجییە بکرێتەوە، تاوەکو ببێتە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ