ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئیسرائیل بە تۆمەتی قاچاخچێتی بۆ غەززە دادگەیی دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەفسەرێکی بە پلەی رائید بە تۆمەتی قاچاخچێتیی کەلوپەلی قەدەخەکراو بۆ ناو کەرتی غەززە و بردنی هاووڵاتییەکی سڤیل بۆ ناوچەی شەڕ، تۆمەتبار کراوە.
 
ئەو ئەفسەرە کە چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت) دەستگیرکرابوو، رۆژی چوارشەممە لەلایەن داواکاری گشتیی سەربازییەوە چەند تۆمەتێکی ئاراستە کرا، لەوانە: هاوکاریکردنی دووژمن، وەرگرتنی بەرتیل و قاچاخچێتی لە بارودۆخێکی مەترسیداردا.
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، رۆژی 10ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئەو ئەفسەرە سەرپەرشتیی بارهەڵگرێکی کردووە بۆ ناو کەرتی غەززە کە مۆبایل، جگەرە، پاتریی ئۆتۆمبێل، پاسکیلی کارەبایی، لاپتۆپ و راوتەری ئینتەرنێتی تێدابووە. هەموو ئەو کەلوپەلانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بردنەژوورەوەیان بۆ غەززە قەدەخە کراوە.
 
ئەفسەرەکە بۆ تێپەڕاندنی خاڵەکانی پشکنین، پلە و پۆستە سەربازییەکەی بەکارهێناوە و بە سەرباز و ئەفسەرانی دیکەی گوتووە کە "ئەمە چالاکییەکی ئۆپەراسیۆنیی فەرمییە"، بەمەش رێکارەکانی پشکنینی بڕیوە.
 
تۆمەتێکی دیکەی سەر ئەو ئەفسەرە ئەوەیە کە هاووڵاتییەکی سڤیلی ئیسرائیلیی بە بارهەڵگرەکەیەوە بردووەتە ناو غەززە. پاشان هاووڵاتییەکە لەوێ بەجێهێڵراوە و دوای چەند رۆژێک لە رێگەی ئەو کەسانەی لە پڕۆسەی قاچاخچێتییەکەدا بەشداربوون، هێندراوەتەوە دەرەوە.
 
داواکاری گشتی دەڵێت، "ئەو ئەفسەرە بەباشی زانیویەتی کە ئەم کەلوپەلانە بەبێ چاودێری دەبرێنە ژوورەوە و ئەگەری زۆرە بگەنە دەست گرووپە تیرۆریستییەکان، لەوانەش حەماس."
 
لێکۆڵینەوەکە بە هاوبەشی لەلایەن شین بێت، پۆلیسی ئیسرائیل، پۆلیسی سەربازی و فەرمانگەی باج کراوە. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هاتووە: "سوپا و دەزگا ئەمنییەکان بە تووندی سەیری دیاردەی قاچاخچێتی بۆ ناو غەززە دەکەن، چونکە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات، بەتایبەت کاتێک ئەندامانی سوپا تێیدا تێوەدەگلێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە