رووداو دیجیتاڵ
هێندەی گەرموگوڕی بەشێك لە شەقامی ئێران لە پرسە و رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی قوربانییانی جەنگە 12 رۆژەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، حکومەتەکەی سوورە لەسەر پاراستنی مافە ئەتۆمییەکانی، لانیکەم بە گوتەی بەرپرسەکانی.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێمە لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی هەڵمەتە دووژمنکارییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلین بۆ سەر وڵاتمان، بەڵام پیتاندنی یۆرانیۆم پرسێکی شانازی و شکۆی نەتەوەییە. پێم وانییە دانوستاندنەکان بەو خێراییە دەست پێبکەنەوە. بۆ ئەوەی ئێمە بڕیار بدەین بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، دەبێت سەرەتا دڵنیا بینەوە لەوەی ئەمریکا ناگەڕێتەوە بۆ هێرشکردن."
لەنێو پەرلەمانی ئێران، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە ئەمریکا مووشەک و کەرەستەی سەربازیی نوێی رەوانەی ئیسرائیل کردووە.
بە گوتەی هەندێ شارەزای سەربازی، 12 رۆژی جەنگەکە چوار سیستمە بەرگرییەکەی ئیسرائیلی هیلاک و بێ مووشەک و تەقەمەنی کردووە.
لەنێو ئیسرائیلیش باسی جەنگ هەیە. وەزارەتی بەرگری زەنگی ئامادەکاری بۆ جەنگ لێداوە. پلان داڕێژراوەتەوە و دەگوترێت هێزی ئاسمانی ئامادەیە.
نەتەنیاهوو کە بڕیار بوو دوو هەفتەی دیکە سەردانی کۆشکی سپیی ئەمریکا بکات، هەفتەیەک پێشی خستووە. پرسی ئێرانیش لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەو سەردانەم دوابەدوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە دێت لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئێران بەدەستمان هێنا. سوودوەرگرتن لە سەرکەوتن گرنگییەکەی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکە کەمتر نییە".
ئەو سەرکەوتنەی نەتەنیاهوو باسی دەکات، ئێستا لە ئیسرائیل نیشانەی پرسیاری لەسەرە، ئەگەرچی یەکەم راپۆرتی مۆسادی ئیسرائیلی باسی لە دواکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ لانیکەم دوو ساڵ کرد، بەڵام میدیای ئیسرائیل باس لە تەنیا چەند مانگێک دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ترەمپ هەرگیز بەو پێشبینییەی میدیای ئیسرائیل رازی نییە و سوورە لەسەر کۆتاییهاتنی بەرنامە و توانا ئەتۆمییەکانی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەڵێم هەفتەی داهاتوو دێتە ئێرە. ئێمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەمان لەگەڵ ئێران بەدەستهێنا. هەرچیمان لە ئێران بوێت، بەدەستی دەهێنین. هیوادارم، ئەوانیش بیانەوێت وڵاتێکی باشیان هەبێت."
ئاستی رازیبوونی تاران بە مەرجەکانی واشنتنیش، ئاراستەی پێشهاتەکانی چەند رۆژی کەمی داهاتوو دیاری دەکەن، یان بەرەو هێوربوونەوە یان پێچەوانەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ