ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: رەفتارەکانی ئێران هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو رایگەیاند، وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی "دەستدرێژییەکی تاوانکارانەی ئێران" بوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، رەفتارەکانی ئێران هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە، ئەمەش لە کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
 
کۆبوونەوەکە بەناونیشانی (هاوئاهەنگیی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە هەرێمی و ژێر هەرێمییەکان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دا) رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026 لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو. تێیدا باس لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو کرا. هەروەها پێشهاتە روو لە هەڵکشانەکانی ناوچەکە، هەڵوێستی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری لەسەر پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان خرانەڕوو. هەروەها هاوئاهەنگیی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کرا.
 
لە هەمان چوارچێوەدا، جاسم ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، جەختی لە مافی رەوای وڵاتانی ئەنجوومەنەکە کردەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە. ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتانی کەنداو خوازیاری پەیوەندیی ئاسایین لەگەڵ ئێران.
 
روونیکردەوە کە پەکخستنی کەشتیوانی لە کەنداو لە رێگەی داخستنی تەنگەی هورمزەوە، لێکەوتەی بۆ سەر ئابووریی نێودەوڵەتی دەبێت. داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان بگرێتەبەر و بڕیارێک بۆ دڵنیابوون لە ئازادیی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییە دەربکات.
 
وڵاتانی کەنداو جەخت لەسەر بەردەوامبوونی رێبازە نەگۆڕەکەیان دەکەنەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی و پتەوکردنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە. هەروەها پشتیوانیکردن لە هەموو هەوڵەکان بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە