ئێران پاڵاوگە، وێستگەی کارەبا، ئاو و گاز لە کوێت و ئیمارات بۆردوومان دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران بۆردوومانی وێستگەی کارەبا، ئاو و پاڵاوگەی لە کوێت کرد، بەهۆی هێرشی هاوشێوەشەوە کارکردن لە دامەزراوەیەکی گاز لە ئیمارات راگیرا.
 
هەینی، 3ی نیسانی 2026، دامەزراوەی نەوتی کوێت رایگەیاند بە درۆن هێرش کراوەتە سەر پاڵاوگەی بەندەری ئەحمەدی لەو وڵاتە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنانی وێستگەکە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، تیمی باری لەناکاو و تەکنیکییەکانیان دەستیان بە رێگری لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە کردووە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتیی ژینگە، چاودێریی دۆخی هەوای دەوروبەری پاڵاوگەکە دەکەن و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی ژینگەییان بەدی نەکردووە.
 
فاتیمە حەیات، گوتەبێژی وەزارەتی ئاو و کارەبای کوێت بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندووە کە یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوتنی ئاوی وڵاتەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەری و زیانی ماددی بەرکەوتووە.
 
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لە دوای 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە، کە هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا.
 
جەدعان فازڵ، گوتەبێژی فەرمی پاسەوانی نیشتمانیی کوێت رایگەیاند لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا توانیویانە چوار درۆن تێکبشکێنن.
 
هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند وێستگەیەکی سووتەمەنی ئیماراتی گرتەوە.
 
 ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئیمارات رایگەیاند کە پاشماوەی درۆنێک لە دامەزراوەی گازی حەبشان لە ناوچەی عەجبانی ئەو شارە کەوتووەتە خوارەوە، لە دوای تێکشکاندنی لەلایەن یەکەی بەرگریی ئاسمانییەوە، بەهۆیەوە ئاگر لە وێستگەکە کەوتووەتەوە و کارکردنى دامەزراوەکە راگیراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند کە ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی بۆ سەر وڵاتەکەی دەستپێکردووە و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەیانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە