رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئێران تێکشکاندنی 9 فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکایان لە ئاسمانی وڵاتەکە و کەنداو راگەیاندووە، بەڵام ئەمریکا رەتیکردووەتەوە.
بەیانیی رۆژی هەینی 03-04-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "دووەم فڕۆکەی جەنگیی زۆر پێشکەوتووی F-35ی ئەمریکایی لە ئاسمانی ناوەڕاستی ئێران، لەلایەن سیستمی نوێی بەرگریی پێشکەوتووی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە تێکشکێنرا."
هەر زوو سێنتکۆم لە تۆڕی ئێکس راگەیێندراوێکی کورتی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند: "ئەو بانگەشانە درۆن کە باس لە خستنەوەخوارەوەی فڕۆکەکانمان دەکەن و ئەوان لە چالاکی دان."
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوانەی تاوەکو ئێستا لە لەلایەن سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەوە، 9 فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی تێکشکێنراون.
وەک پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران دەڵێت، تاوەکو ئێستا چوار فڕۆکەی جەنگیی F15ـیان خستووەتە خوارەوە، گوایە سێ دانەیان لە کوێت خستوونەتە خوارەوە.
ئەو کات، سێنتکۆم لەبارەی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی لە کوێت زیانیان بەرکەوت رایگەیاند، زیانەکە لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی کوێتدا بوو، نەوەک هێرشی ئێران.
هەروەها سوپای پاسداران دەڵێت، فڕۆکەیەکی F16ـیان لە ناوەندی ئێران خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F18ـەشیان لە باشووری وڵاتەکە تێکشکاندووە.
سوپای پاسداران دەشڵێت، تاوەکو ئێستا دوو فڕۆکەی جەنگیی F35ـیشیان لە باشوور و ناوەندی ئێران خستووەتە خوارەوە.
هاوکات بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی کردنە ئامانجی، باس لەوەش کراوە فڕۆکەیەکی جەنگیی دیکەی پێشکەوتوویان خستووەتە خوارەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا سێنتکۆم هەموو ئەو بانگەشانەی سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان بۆ تێکشکاندنی فڕۆکە جەنگییەکانیان رەتکردووەتەوە.
میدیای ئێران هەندێک وێنەی لە پاشماوەی چەند تەنێکی تێکشکێنراوی بڵاوکردووەتەوە کە دیار نییە، درۆنن، مووشەکن یان فڕۆکەی جەنگی؛ بەڵام خۆیان دەڵێن، سەرجەمیان تایبەتن بە پاشماوەی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی کە ئاماژەیان پێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ