رووداو دیجیتاڵ
جاسم محەممەد بودێوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز بدات بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز لە هێرشەکانی ئێران. ئەم داواکارییە تەنیا یەک رۆژ بەرلە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر ئەم پرسە دێت.
ئێران وەک تۆڵەیەک بۆ بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، تەنگەی هورمزی بە تەواوەتی پەکخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی دابینکردنی سووتەمەنی و هەژاندنی ئابووریی جیهان.
بودێوی لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، کوێت و عومان) گوتی: "ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە، رێگری لە کەشتییە بازرگانی و کەشتییە نەوتییەکان دەکات و مەرجی بۆ تێپەڕبوونی هەندێکیان داناوە."
بودێوی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، "بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆی هەڵبگرێت و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی رێڕۆ ئاوییەکان و بەردەوامیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بگرێتە بەر."
بەحرێن پڕۆژەبڕیارێکی پێشکەش کردووە کە گڵۆپی سەوز بۆ وڵاتان هەڵدەکات بۆ بەکارهێنانی هێز تاوەکو هاتووچۆی ئازاد لە تەنگەی هورمزدا مسۆگەر بکەن. ئەم پڕۆژەیەی کە ئەمریکا پشتگیری دەکات، ئەنجوومەنی ئاسایشی دابەش کردووە.
فو کۆنگ، باڵیۆزی چین دژایەتیی خۆی نیشاندا و گوتی: "بەکارهێنانی هێز ناتوانێت ئاشتی بهێنێت، تەنیا چارەسەری سیاسی رێگەی دروستە." کۆنگ هۆشداری دا، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی رەوایەتیدان بە "بەکارهێنانی نایاسایی هێز" و دۆخەکە بەرەو هەڵكشانی ترسناک دەبات.
رووسیا وەک هاوپەیمانێکی دێرینی تاران، رایگەیاند پشتگیری لە "بڕیاری یەک لایەنە" ناکەن کە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ململانێکە چارەسەر نەکات.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پێشتر گوتبووی کردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ کردنەوەی تەنگەکە کارێکی "نا واقیعییە".
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، وەشانی شەشەمی دەقی بڕیارنامەکە دەستکاری کراوە و وشەی "بەرگری" بۆ زیاد کراوە. دەقە نوێیەکە رێگە بە وڵاتان دەدات "هەموو ئامرازە بەرگرییە پێویستەکان" لە تەنگەکەدا بەکاربهێنن. بڕیارە بەیانیی رۆژی هەینی دەنگدان لە سەر ئەم بڕیارنامەیە بکرێت.
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، واشنتن بە تەواوەتی پشتگیری لە وڵاتانی کەنداو دەکات و گوتی: "هیچ وڵاتێک بۆی نییە ئابووریی جیهان بە بارمتە بگرێت بۆ ئەوەی لە ململانێیەکی سیاسییدا دەستکەوت بەدەستبهێنێت."
لە بارودۆخی ئاساییدا، نزیكەی 1/5ـی نەوتی خاو و گازی سروشتیی جیهان بە ناو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. داخرانی ئەم رێڕۆیە کاریگەریی تووندی لە سەر دابینکردنی نەوت، گاز و تەنانەت پەین دروست کردووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ