رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو داوای لە خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە خۆراک و دەرمانی پێویست بگەیێننە ئەو بارمتانەی لە کەرتی غەززەن.
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جولیان لارسن، سەرۆکی تیمی خاچی سووریی نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لە تەلئەڤیڤ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نەتەنیاهوو بە لارسنی راگەیاندووە: "درۆی برسیەتی لە غەززە پروپاگەندەی حەماسە و بە جیهاندا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە برسیەتییەکی سیستماتیک بەرامبەر بارمتەکانمان هەیە، واتە ئەو ژن و پیاوانەی بوونەتە قوربانی مامەڵەی خراپی جەستەیی و دەروونی".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە لارسن کردووە کار بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان بەو بارمتە ئیسرائیلیانە بکەن کە لە کەرتی غەززەن.
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە داواکەی نەتەنیاهوو دەڵێت، ئامادەن رێگە بە لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی بدەن بارمتە ئیسرائیلیەکان ببینێت، ئەگەر تەلئەڤیڤ رێگەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە تەواوی بکاتەوە.
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە دوێنێ حەماس ڤیدیۆی ئیڤیاتار دەیڤد، بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە.
بارمتەکە نیشانەی برسیەتی تووند و دابەزینی کێشی لەشی بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بە پێش دەستگیرکردنی پێوە دیارە.
7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی زەوینی وەڵامی دایەوە.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەیدا، حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت و هێشتا 49یان لەلای بزووتنەوەکە ماون کە 27یان گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ