تورکیا و سعودیە لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان رێککەوتن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سوورن لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعودیە بگەیێننە ئاستێکی پێشکەوتووتر، ئەوەش لەڕێگەی هەنگاوی نوێوە لە چەندین بواردا، بەتایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و پیشەسازیی بەرگری.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان کە رۆژی سێشەممە، 03-02-2026، بە سەردانێکی فەرمی لە ریاز بوو، لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەوە پێشوازی لێکرا و لە کۆشکی یەمامە لەگەڵی کۆبووەوە. دواتر راگەیێندراوێکی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا بڵاوکرایەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆککۆمار ئەردۆغان، سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتەکە ئەنجامدا، ئەمەش لەسەر بنەمای پەیوەندیی برایانە، پەیوەندییە تایبەتەکان و پەیوەندییە مێژووییە قووڵەکان کە سەرکردە و گەلانی برای هەردوو کۆماری تورکیا و شانشینی سعودیەی عەرەبی پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا ستایشی پتەویی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد لە کەرتەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێناندا و لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە رێککەوتن، بەتایبەتی لەو کەرتانەی لەپێشینەی هاوبەشن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە "هەردوولا لەسەر سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی وەبەرهێنان کە لە (دیدگای 2030ـی سعودیە) و (دیدگای سەدەی تورکیا) دا خراونەتەڕوو رێککەوتن، بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری". 
 
هەردوولا ستایشی ئاستی قەبارەی بازرگانییان کرد و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ پەرەپێدانی قەبارەی بازرگانیی نانەوتی، چڕکردنەوەی سەردانە دوولایەنەکان لەنێوان بەرپرسانی کەرتی گشتی و تایبەت و رێکخستنی چالاکیی بازرگانی لە هەردوو وڵات لەڕێگەی (ئەنجوومەنی کاری تورکیا-سعودیە). 
 
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی کۆتاییهێنان بە دانوستاندنەکانی رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) کردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، هەردوولا ستایشی ئاستی وەبەرهێنانە دوولایەنەیان کردووە، لەنێویاندا وەبەرهێنانی سعودیە لە بوارەکانی دارایی، بیمە، خانووبەرە، بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا پێشوازییان لە رۆڵی گرنگی ئەو کۆمپانیا تورکیانە کرد کە لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئەندازیاری، بیناسازی، پەرەپێدانی خانووبەرە و پیشەسازیی بەرهەمهێناندا کار دەکەن. 
 
ئاماژە بەوەش دراوە، لایەنی سعودی ستایشی ئەو پڕۆژانەی کرد کە کۆمپانیاکانی بیناسازی و راوێژکاریی تورکی لە سعودیە جێبەجێیان کردوون، هەروەها هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی زیاتری ژێرخان و سەرخان لە چوارچێوەی دیدگای "2030"ی شانشینەکەدا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا ستایشی ئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی تورکیا-سعودیەیان کرد کە رۆژی سێشەممە لە ریاز بەڕێوەچوو و ئاماژەیان بەوە کردووە کۆڕبەندەکە بەشداریی فراوانی کۆمپانیا گەورەکانی هەردوو وڵاتی بەخۆوە بینیوە و دەرفەتی وەبەرهێنانی هیوابەخش و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بوارەکانی گەشتیاری، میوانداری، بیناسازی، پەیوەندی و تەکنەلۆجیای زانیاری، زانستەکانی ژیان و تەندروستیدا خستووەتەڕوو.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی رۆڵی خۆیان لە کەرتی وزە و بەشداریکردنی بەرچاو لە دابینکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ناوچەکە و جیهاندا کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "لایەنی تورکی جەختی لە رۆڵی پێشەنگانەی شانشینی سعودیە لە بەرزکردنەوەی متمانەپێکراوی و سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکانی نەوت کردووەتەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بەرهەمهێنەران و بەکاربەران بکات و پشتگیری لە گەشەی ئابووریی جیهانی بکات. هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بوارەکانی دابینکردنی نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و پێترۆکیمیاییەکان، کارکردنی پێکەوەیی بۆ هەڵسەنگاندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پێترۆکیمیایی و خۆراکی کشتوکاڵی و هاوئاهەنگیکردن لەسەر بەکارهێنانە داهێنەرانەکانی هایدرۆکاربۆنەکان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا خواستی خۆیان بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بوارەکانی کارەبا و وزەی نوێبووەوە دووپاتکردەوە، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی فراوانی هەردوو وڵات لە بواری وزەی نوێبووەوە و وەبەرهێنانە گەورەکانی سعودیە لە بواری وزەدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەڵێنیان داوە کارەکانی توێژینەوەی جدوا بۆ گرێدانی کارەبا لەنێوان هەردوو وڵات خێرا بکەن، شارەزایی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای کارەبا و وزەی نوێبووەوە و ئۆتۆماتیککردنی تۆڕەکان، ئاسایش و خۆڕاگریی تۆڕی کارەبا، پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، گرێدانی تۆڕەکان، تەکنەلۆژیای کۆگاکردنی وزە ئاڵوگۆڕ بکەن و هانی بەشداریی کۆمپانیاکانی هەردوولا بدەن لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەدا. 
 
هەروەها جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بوارەکانی کارایی و پاشەکەوتکردنی وزە، بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگیی ئەم بابەتە و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە کەرتی خزمەتگوزاریی وزە و پەرەپێدانی تواناکان لەم بوارەدا کردووەتەوە.
 
هەردوولا پێشوازییان لە لێکۆڵینەوە لە دەرفەتەکانی هاوئاهەنگی لە بواری هایدرۆجینی خاوێن، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پەیوەست بە گواستنەوە و کۆگاکردنی هایدرۆجین و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و ئەزموون بۆ جێبەجێکردنی باشترین پراکتیزەکان لە بواری هایدرۆجینی خاوێندا کردووە.
 
هەروەها لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە پەرەپێدان و پاراستنی زنجیرەکانی دابینکردنی وزە و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان لەرێگەی رەخساندنی هاوئاهەنگی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەردوو وڵاتدا رێککەوتن، بەمەش بەشدار دەبن لە دابینکردنی وزەیەکی نەرمتر و کاراتر.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە دۆزینەوە، دەر‌هێنان و پرۆسێسکردنی سەرچاوە کانزاییەکان.
 
ئاماژە بەوە کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی و دەستپێشخەرییە هاوبەشەکان لە بواری کانزا گرنگەکاندا کردووەتەوە بەمەبەستی دڵنیابوون لە ئاسایشی زنجیرەکانی دابینکردن کە بۆ گۆڕانی وزەی جیهانی زۆر گرنگن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، هەردوولا سەبارەت بە پرسەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە بنەماکانی رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) و رێککەوتننامەی پاریس کردووەتەوە، هەروەها جەختیان لە پێویستیی داڕشتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی کەشوهەوا کردووەتەوە کە سەرنج لەسەر دەرهاویشتەکان دەکەن نەک سەرچاوەکان.
 
ئەوەش خراوەتەڕوو کە سعودیە، لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پێشوازی لە سەرۆکایەتیی تورکیا بۆ 31یەمین کۆنفرانسی لایەنەکان (COP31)ی رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و میوانداریکردنی (COP31) لە ئانتاڵیا لە رۆژانی 9-20ی تشرینی دووەمدا کردووە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لایەنی تورکی ستایشی هەڵوێست و هەوڵەکانی سعودیەی لە بواری گۆڕانی کەشوهەوادا کرد. هەروەها جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە پەرەپێدانی پراکتیزەکانی ئابووریی سووڕی کاربۆن کردووەتەوە، ئەمەش لە رێگەی هاندانی ئەو سیاسەتانەی کە ئابووریی سووڕی کاربۆن وەکو ئامرازێک لەگەڵ رێگاچارەکانی دیکەی کەمکردنەوە بەکاردەهێنن بۆ بەڕێوەبردنی دەرهاویشتەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
جەخت لە پتەوکردنی هاوبەشی کرایەوە
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا رێزیان لە ئاستی هاوئاهەنگی و هاوبەشیی نێوانیان گرتووە لە چوارچێوەی (ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی تورکیا-سعودیە) بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش و گواستنەوەی بۆ ئاسۆیەکی نوێ لە هەموو کەرتەکاندا، هەروەها جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووریی دیجیتاڵی، زیرەکیی دەستکرد، تەکنەلۆژیای نوێ و تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان، گواستنەوە، لۆجستی و فڕۆکەوانیی مەدەنی، یاسا و داد، رۆشنبیری، گەشتیاری، وەرزش و لاوان، زانست و هاوبەشی لە بواری پەروەردە، راگەیاندن، ژینگە، ئاو، کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک، گومرگ، پیشەسازیی بەرگری و تەندروستیدا کردووەتەوە.
 
لە بواری بەرگری و ئاسایشدا، لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون پێویستە ئەو رێککەوتننامانەی هاوبەشی کە لە بواری بەرگریدا لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکراون، جێبەجێ بکرێن و هەروەها دووپاتکراوەتەوە کە هەردوو وڵات خواستی خۆیان بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەرگری پشتڕاستکردووەتەوە، لەنێویاندا سەکۆکانی هاوبەشیی فرەلایەن، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و بەشداری لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمیدا بکات.
 
ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی زیادکردنی هاوئاهەنگی و هاوبەشیی ئەمنیی ئێستا کردووەتەوە لەو بوارانەی کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان تێدایە، لەنێویاندا رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی تاوان، تووندڕۆیی و تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی پاڵپشتیی داراییان، هەروەها ئاڵوگۆڕی شارەزایی و راهێنان؛ جگە لەوەش جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی هاوبەشی لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا کردووەتەوە بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانیی هەردوو وڵات بکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیدان بە هاوبەشیی ئێستا لە کۆڕبەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە دارایی و ئابوورییە فرەلایەنەکاندا کردووەتەوە و ئاماژە بەوەش کراوە کە تورکیا پاڵپشتیی خۆی بۆ سعودیە دەربڕیوە بۆ میوانداریکردنی لووتکەی G20 کە بڕیارە لە ساڵی 2030 ئەنجامی بدات.
 
هەردوولا پێشوازییان لە واژۆکردنی چوار رێککەوتننامە لە بوارە جیاوازەکاندا کرد
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا پێشوازییان لە واژۆکردنی چوار رێککەوتننامە لە کاتی سەردانەکەدا کردووە لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە داد، وزەی نوێبووەوە، بەکارهێنانی بۆشایی ئاسمان بۆ مەبەستی ئاشتییانە و هاوبەشی لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان و داهێناندا.
 
لە بەشی تایبەت بە بابەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە هاوئاهەنگی و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بیروڕایان لەبارەی ئەو بابەتانەی کە جێگەی بایەخی هاوبەشن ئاڵوگۆڕ کردووە و جەختیان لە سووربوونی خۆیان لەسەر پتەوکردنی هاوبەشی و هاوئاهەنگیی هاوبەش لەم بوارانەدا کردووەتەوە. هەروەها راگەیێندراوە کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکە و جیهاندا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەردوولا بە شێوەیەکی گشتگیر بیروڕایان لەبارەی پێشهاتە هەرێمییەکانەوە ئاڵوگۆڕ کردووە، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی مەترسیی ململانێ، گرژی و پێشهاتەکان لە ناوچەکەدا دەربڕیوە و جەختیان لە گرنگیی هاوبەشیی هەرێمیدا کردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەشدا دووپاتکراوەتەوە کە پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییە بەکۆمەڵەکان دووپاتکردووەتەوە کە ئامانجیان دابینکردنی سەقامگیری، ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هەرێمییە.
 
جەخت لە پێویستیی دڵنیابوونەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کرایەوە
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی فەلەستین، هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبارەی خراپبوونی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە، بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل و رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەروازە سنوورییەکان دەربڕیوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە جەخت لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی فریاگوزاری لە غەززە و دڵنیابوونەوە لە کردنەوەی بێبەربەستی هەموو دەروازەکانی کەرتی غەززە بۆ گەیاندنی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی زۆر پێویستن کراوەتەوە، ئەم دەستەواژانە هاتوون: "هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی خەڵکی سڤیل، دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگ و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی. 
 
جگە لەوەش، جەختیان لەسەر پێویستیی چەسپاندنی ئاگربەست، کۆتاییهێنان بە "داگیرکردنی غەززە" و کردنەوەی رێگە بۆ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەرامبەر بە کەرتی غەززە لە ئەستۆ بگرێ و لە کۆتاییدا کۆتاییهێنان بە "داگیرکاری" و دڵنیابوونەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین لە چوارچێوەی سنوورەکانی 1967دا کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبیی ساڵی 2002 کردەوە. 
 
بە پێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا پێشوازییان لە بەشداریکردنی وڵاتەکانیان لە (ئەنجوومەنی ئاشتی) کرد بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. هەروەها پێشوازییان لە دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتیی گشتگیر لە غەززە و دەستبەکاربوونی لیژنەی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە کرد و ستایشی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیان لەمبارەیەوە کرد.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لایەنی سعودی، ستایشی هەوڵەکانی نێوەندگیریی کۆماری تورکیای برای کرد کە لەگەڵ وڵاتانی گەرەنتیکاری رێککەوتنی ئاشتی ئەنجامیان داوە، هەروەها ستایشی ئەو دەستکەوتانەی کرد کە بەدەستهاتوون. لایەنی تورکی ستایشی رۆڵی هاوسەرۆکایەتیی شانشینی عەرەبستانی سعوودیەی لە کۆنفرانسی ئاستبەرزی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد سەبارەت بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی فەلەستین و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی، هەروەها ستایشی ئەو دانپێدانانە نێودەوڵەتییە یەک لەدوای یەکانەی کرد کە لە ئەنجامدا دەوڵەتی فەلەستین بەدەستیهێناون."
 
ئاماژە بەوەدراوە، هەردوولا جەختیان لە رۆڵی گرنگ و ژیانیی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدان و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستینی (UNRWA) لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ گەلی فەڵەستین کردووەتەوە و "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی رووخاندنی باڵەخانەکانی ئاژانسی ئۆنراوایان لە قودسی داگیرکراو لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کرد و پێشێلکردنی یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئیسرائیلەوە بە تەواوی رەتکردەوە. 
 
داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە رووبەڕووی ئەو کردەوانە و تاوانانە ببێتەوە کە دژی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن. هەردوولا جارێکی دیکە جەختیان لە رۆڵی پێویستی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەرگریکردن لە دۆزی فەڵەستین کردەوە و پێزانینیان بۆ کارەکانی گرووپی پەیوەندیی عەرەبی-ئیسلامی تایبەت بە غەززە دەربڕی. هەردوولا، لەسەر هاندانی پەرەپێدانی دیالۆگ و هاریکاریی نێوان تورکیا و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رێککەوتن.
 
یەمەن، سۆماڵ و سوودانیش تاوتوێ کران
 
لە بەشی تایبەت بە یەمەنی راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بەوەدرا، "هەردوولا، لەبارەی پرسی یەمەنەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ حکومەتی رەوای یەمەن دووپاتکردەوە کە لەلایەن سەرۆک و حکومەتی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەنەوە نوێنەرایەتی دەکرێ. جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی سەروەری، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی یەمەن کردەوە. 
 
هەروەها جەختیان لەسەر پێویستیی دژایەتیکردنی هەر هەوڵێک کردەوە کە ئامانج لێی دابەشکردنی یەمەن یان پشتیوانیکردن لەو هێزە ناوخۆییانە بێت کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەدەن. لایەنی تورکی پشتیوانیی خۆی بۆ رۆڵی گرنگی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەن و هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی یەمەن دەربڕی، لەنێویاندا وەڵامدانەوەی داواکاریی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن بۆ سازکردنی کۆنفرانسێکی گشتگیر لە ریاز بە بەشداریی هەموو گرووپە باشوورییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و بەهێزکردنی ئاشتەوایی نیشتمانی لە یەمەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، هەردوو لایەن سەبارەت بە پرسی سۆماڵ، پشتگیریی بەردەوامی خۆیان بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری فیدراڵیی سۆماڵ دووپاتکردووەتەوە و پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی سەقامگیریی سۆماڵ و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی گەلەکەیان راگەیاندووە و هاتووە: "دانپێدانانی دوولایەنەی نێوان دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئیسرائیل و هەرێمی بەناو 'سۆماڵیلاند' کە بە بەشێک لە کۆماری فیدراڵیی سۆماڵ هەژمار دەکرێت، رەتکراوەتەوە، چونکە کردەوەی جیابوونەوەی تاکلایەنە بەهێز دەکات کە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە و گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاد دەکات. هەروەها، هەوڵەکان بۆ سەپاندنی پێکهاتەی هاوتەریب کە یەکێتیی سۆماڵ تێکدەدەن، رەتکراونەتەوە."
 
لەبارەی پرسی سوودانەوە، لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، هەڵوێستی نەگۆڕ بۆ پاراستنی یەکێتی، ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی سوودان دووپاتکراوەتەوە و رایانگەیاندووە: "پێکهێنانی هەر پێکهاتەیەکی ناشەرعی یان هاوتەریب لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە شەرعییەکانی دەوڵەتی سوودان رەتکراوەتەوە. 
 
هەروەها، جەخت لە گرنگیی رێگریکردن لەوە کراوەتەوە کە سوودان ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و چالاکییە نایاساییەکان و رێگری لە هاتنەناوەوەی نایاسایی چەکی بیانی بۆ وڵاتەکە بکرێت. 
 
جەخت لە پێویستیی پابەندبوون بە پاراستنی خەڵکی سڤیل و ئاسانکاریکردنی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و هاوکارییەکان بۆ هەموو ناوچەکانی سوودان کراوەتەوە، ئەمەش بەگوێرەی (یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی) و (راگەیێندراوی جەدە) کە لە 11ـی ئایاری 2023 واژۆ کرا. گرنگیی پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوودان و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی بە سەرکردایەتیی سوودانییەکان لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی مەدەنییەوە دووپاتکراوەتەوە، کە گرووپ و پێکهاتە تووندئاژۆکان لەخۆنەگرێت کە تاوان دژی گەلی سوودان ئەنجام دەدەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، تورکیا، پێزانینی بۆ هەوڵەکانی شانشینی سعودیە دەربڕیوە بۆ دابینکردنی ئاشتی لە سوودان، کۆتاییهێنان بە شەڕ، پاراستنی یەکێتی، ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە و سووککردنی ئازارەکانی گەلی سوودان. هەروەها، سعوودیەش پێزانینی خۆی بۆ چالاکییە مرۆییەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لە سوودان دەربڕیوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەردوو لایەن، پێشوازییان لە بڕیاری هێزە چەکدارەکانی سوودان کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی ئەدرێ لەگەڵ چاد بۆ ماوەیەکی درێژتر و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کەسەلا، دۆنگۆلا و ئەلئوبەید و دەروازەی سنووریی کادۆگلی بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیلا واویا

ئەفسەرێکی موسڵمان دەبێتە گوتەبێژی میدیای عەرەبیی سوپای ئیسرائیل

وەزارەتى بەرگریى ئیسرائیل دەڵێ، گۆڕانکاری لە پۆستی گوتەبێژی زمانی عەرەبی سوپای ئیسرائیل دەکات. ئیلا واویا کە ئەفسەرێکی موسڵمانە، شوێنی ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی ناسراوی سوپاکە دەگرێتەوە