داهاتووی سیاسی نەتەنیاهوو لەژێر سێبەری 7ی ئۆکتۆبەر و جەنگی ئێران و لوبناندا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە بەم زوانە بڕیار لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەی بدات. هەڵبژاردنێک کە پێشبینی دەکرێت داهاتووی سیاسی نەتەنیاهووی لەسەر دیاری بکرێت، ئەویش بە رەچاوکردنی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ لوبنان و ئێران.
 
سەرکەوتن لەم جەنگانەدا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی میراتی نەتەنیاهوو وەک درێژخایەنترین سەرکردەی ئیسرائیل و دەبێتە هۆی بێدەنگکردن یان نەهێشتنی ئەو داواکارییانەی کە بۆ لێپرسینەوە لە شکستی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە ئارادان. بەڵام شکست لەم جەنگانەدا مەترسی ئەوەی هەیە کە نەتەنیاهوو بکاتە گەورەترین قوربانیی سیاسی ئەو هێرشانە. 
 
وادەی تشرینی یەکەم
 
حکومەتەکەی نەتەنیاهوو لە مانگەکانی کۆتایی خولی چوار ساڵەی خۆیدایە و پابەندە بەوەی تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم هەڵبژاردن ئەنجام بدات. هەرچەندە نەتەنیاهوو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پێش ئەو وادەیە هاوپەیمانێتییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، چونکە حکومەتەکانی ئیسرائیل کەمجار خولی یاسایی خۆیان تەواو دەکەن. 
 
نەتەنیاهوو دەتوانێت بەروارێک هەڵبژێرێت کە پێی وابێت خۆی و هاوبەشە ئایینی و نەتەوەییەکانی زۆرترین چانسی سەرکەوتنیان هەیە.
 
سەرکەوتن لە جەنگ و هەڵبژاردنی پێشوەختە
 
سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە و خێرا بەسەر ئێراندا دەتوانێت پێگەی نەتەنیاهوو بەرز بکاتەوە و متمانەی پێ ببەخشێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. ئەو دەتوانێت شانازی بە هێزی سەربازیی ئیسرائیل و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات کە ئەم جەنگەیان بەو شێوەیە بەرەوپێش برد. 
 
دوای سێ هەفتە لە جەنگ، ئەم سیناریۆیە کەمتر ئەگەری هەیە؛ چونکە ئێران بەردەوامە لە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل و جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵا چڕتر بووەتە و پەککەوتنی بازاڕی وزە لە لایەن تارانەوە، وای کردووە ترەمپ هیچ ئاماژەیەک نەدات کە کەی جەنگەکە کۆتایی دێت.
 
مەیلی نەتەنیاهوو بەرەو پاییزە
 
راپرسییە نوێیەکان لە ناو ئیسرائیل پیشانی دەدەن کە هەرچەندە ئیسرائیلییەکان پشتیوانی جەنگ دەکەن، بەڵام نەتەنیاهوو و هاوپەیمانێتییەکەی سوودمەندی سەرەکی نین. یۆهانان پڵێسنەر، سەرۆکی پەیمانگەی دیموکراسیی ئیسرائیل دەڵێت، "نەتەنیاهوو پێی باشە کات بکڕێت و خولی یاسایی خۆی تەواو بکات."
 
هەفتەی رابردوو نەتەنیاهوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هیوادارە هەڵبژاردنەکان لە مانگی "ئەیلوول یان تشرینی یەکەم"دا بن. ئەمە چەند مانگێکی تری دەداتێ بۆ بنیاتنانەوەی جەماوەریی خۆی. درێژەکێشانی جەنگ دەبێتە هۆی زیانی زیاتری گیانی و بێئومێدبوونی خەڵک، بەتایبەت لە باکووری ئیسرائیل کە لە ژێر هێرشی توندی حیزبوڵڵادایە. 
 
هەروەها جەنگی درێژخایەن رەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی لەگەڵ ترەمپ و لەکەداربوونی زیاتری ناوبانگی ئیسرائیل، بەتایبەت کە نەتەنیاهوو لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بە تاوانی جەنگ تۆمەتبار کراوە.
 
یۆهانان پڵێسنەر پێیوایە سەرەتای مانگی ئەیلوول باشترین کاتە بۆ نەتەنیاهوو، ئەگەرنا هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە نزیک یادی 7 ئۆکتۆبەر، کە ئەو کاتە ئیسرائیلییەکان دووبارە ئەو رۆژە کارەساتبارەیان بیر دەخرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زیانەکانی تەلئەڤیڤ لەدوای هێرشێکی ئێران. وێنە: AFP

سوپای پاسداران: لە شەپۆلی 71ـەمدا هێرشمان کردە سەر تەلئەڤیڤ و چەندین بنکەی ئەمریکا

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، لە یەکەمین کاژێرەکانی دەستپێکی ساڵی نوێی هەتاویدا، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە (بەڵێنی راستگۆی 4) بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە.