میدیای ئێران باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکات

04-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای کاراکردنی میکانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران، نیگەرانییەکان لەو وڵاتە لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ زیاتر بوون. میدیای وڵاتەکەش بە شێوەیەکی فراوان لەسەر بابەتەکە دەوەستێت.
 
کەیهان: ئەگەری دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ لەنێوان بەرەی ئێران و بەرەی ئەمریکا- ئیسرائیل هەیە
 
رۆژنامەی کەیهان، نزیک لە نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە دەکات و دەڵێت، جیهان لە پێچ و پەنایەکی مێژووییدایە و ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی نوێ و گەورەبوونی جەنگی نێوان رووسیا و ئوکراینا هەیە.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بە ناردنی هێز لە لایەن ئەمریکاوە بەرەو ڤەنزوێلاش دەکات و دەڵێت، ئەمریکا خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی ئەو وڵاتە ئامادە کردووە.
 
کەیهان باسی لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەنێوان بەرەی ئێران لە لایەک و بەرەی ئەمریکی و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، ئەگەرێکی دیکەیە کە دەکرێ نەوەک تەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ تەواوی جیهانیش لێکەوتەی تایبەتی هەبێت.
 
کەیهان دەنووسێ، ئیسرائیل بە تەنیا توانای هەڵگیرسانی جەنگی لەگەڵ ئێران نییە و بەڵگە بۆ ئەوەش جەنگی 12 رۆژەیە کە ئەمریکا، ناتۆ و گوایە تەنانەت ژمارەیەک وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیش یارمەتی ئیسرائیلیان دا.
 
بە گوێرەی رۆژنامەکە، ژیری، ئەزموون و پێشهاتەکانی دوای جەنگی 12 رۆژە پیشانی دەدەن کە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆر بەرزە.
 
رۆژنامەکە نووسێنێکی سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بەیتەنو (ئیسرائیل ماڵی ئێمەیە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە نموونە دەهێنێتەوە کە نووسیویەتی: "هەرکەسێک پێی وابێ چیرۆکەکە لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە، هەڵەیە و خەڵکی دیکە بەلاڕێدا دەبات. ئێرانییەکان لە ئێستاوە بە سەختی کاردەکەن؛ رۆژانە توانا بەرگری و سەربازییەکانی خۆیان بەهێز دەکەن. چالاکییەکان لە ناوەندە ئەتۆمییەکان دەستیان پێکراوەتەوە. پێدەچێ ئەمجارە ئێرانییەکان هەوڵ بدەن تووشی سەرسووڕمانمان بکەن."
 
رۆژنامەی کەیهان، دۆخی شپرزە و شڵەژاوی بازاڕ و خراپیی بژێوی خەڵک وەک بەشێک لە "پلانی دووژمن بۆ شەڕ و بەردەوامیی جەنگی 12 رۆژە" ناودەبات و دەڵێت، "بۆیەش دەڵێین ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ دووژمن هەیە، چونکە ئەگەر وانەبوایە، بەم شێوەیە و بە ئاشکرا لە رێگەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سزا نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی سزا و میدیای خۆیان گوزەرانی خەڵکیان نەدەکردە ئامانج."
 
لە کۆتایی نووسینەکەی کەیهان دا باس لەوە کراوە کە نابێ حکومەتی ئێران دەستەوەستان بێت و پێویستە پەرە بە توانا سەربازییەکانی بدات، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوخۆیی بەهێزتر بکات؛ دەشڵێت: "ئێمەین کە بە زیرەکی و یەکگرتوویی و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکییەکان دیاری دەکەین کە ئایا داهاتوو دەبێتە کارەساتێک یان بنەمای شکۆمەندییەکی مێژوویی دیکە."
 
رۆژنامەی عەسری رەسانە: دەبێت بۆ بەرگریکردن ئامادەبین
 
رۆژنامەی عەسری رەسانە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاماژە بە قسەکانی عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ تورکیا کردووە و نووسیویەتی، وەزیری بەرگری لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا سەبارەت بە پرسە سەربازی و ئەمنییەکان، هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و دۆخی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆی کرد.
 
بە پێی رۆژنامەکە، وەزیری بەرگریی ئێران باسی لە زیادبوونی گەشتی فڕۆکە بارهەڵگرە سەربازییەکان و گواستنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لە زاری عەزیز نەسیرزادەوە دەڵێت: "ئەم دۆخە نێگەرانیی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە. بەڵام گواستنەوەیان هەبێت یان نا، وەک هێزێکی سەربازی دەبێت بەردەوام بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان ئامادە بین."
 
بە گوێرەی رۆژنامەکە، وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاندووە، "ئەگەر شەڕێک بەسەرماندا بسەپێندرێت، ئەرکی سەربازیمان بەرگریکردنە و بەرگریش دەکەین، وەک چۆن لە جەنگی 12 رۆژەدا بەرگریمان کرد و دووژمن ناچار کرا بە ئاگربەست رازی بێت."
 
رۆژنامەی سوبحی ئیمرووز: جەنگ بۆ هەردوولا قورسە
 
رۆژنامەی سوبحی ئێمرووز لە نووسینێکدا بە مانشێتی "ئایا لە  کورت ماوەدا سێبەری شەڕ لەسەر سەری ئێران بەردەوام دەبێت؟" باسی ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە لە نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکە دەکات و دەڵێت، جەنگی 12 رۆژە لەنێوان هەردوولا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لەنێوان تاران و بەرەی رۆژئاوایی-ئیسرائیل و دەریخست کە تێچووی جەنگێکی راستەوخۆ لەڕووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە بۆ هەردوولا زۆر قورسە و زۆر زیاترە لە قازانجەکانی.
 
رەسووڵ عەبدوڵڵاهیان، نووسەری بابەتەکە دەڵێت، لە جەنگی 12 رۆژەدا لایەنەکان، بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان زانی و ئێران توانی لە جەنگەکەدا بەشێک لە توانا سەربازییەکانی نمایش بکات و زیان بە ئیسرائیل بگەیێنێت، لە بەرامبەردا ئیسرائیل و ئەمریکاش پیشانیان دا کە دەتوانن ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران بکەنە ئامانج و زیانیان پێ بگەیەنن.
 
لە نووسینەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زیانی گەورە بە ژێرخانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کەوت، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بوون و کاریگەرییان وەکو پێشتر نەماوە کە تاران وەکو کارتی گوشار بەکاری دەهێنان، لە لایەکی دیکەوە جەنگی 12 رۆژە دەریخست کە بە هێرشی ئاسمانی یان مووشەکی ناتوانرێ دەسەڵاتی ئێران بگۆڕدرێ.
 
وەک نووسەری بابەتەکە دەڵێ، ئاڵۆزی هاوکێشە سیاسییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە تایبەت بەردەوامیی جەنگی نێوان رووسیا و ئوکراینا و گرنگیی بەرەنگاربوونەوە و کۆنترۆڵکردنی چین بۆ ئەمریکا، وا دەکەن کە ئەگەری رووبەڕوونەوەیەکی دیکەی سەربازی لەنێوان دوو بەرەکە لاواز بێت.
 
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات، پێشبینی دەکرێ گرژییەکان لە ئاستی "شەڕی ئەلیکترۆنی، گوشاری دیپلۆماسی، سزا ئابوورییەکان و ئۆپەراسیۆنە ناڕاستەوخۆ سنووردارەکان" بمێننەوە. بە واتایەکی دیکە بەدوور دەزانرێ شەڕی راستەوخۆ رووبداتەوە، بەڵام شەڕی سارد و ناڕاستەوخۆ بەردەوام دەبێت."
 
رۆژنامەی شەرق: پێویستە زوو دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە
 
رۆژنامەی شەرق کە سەر بە بەرەی ریفۆرمخوازانە، لە نووسێنێکدا باسی "چەقبەستوویی دیپلۆماسی" لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات.
 
مەهدی بازرگان لە نووسینەکەدا ئاماژە بە قسەکانی وەلی نەسر، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستا لە زانکۆی جۆن هۆپکینزی ئەمریکی کردووە کە گوتوویەتی، سەپاندنەوەی سزاکان دەتوانێ پڕۆسەی دانوستاندن بۆ چەند مانگێک دوابخات و مەترسیی نوێبوونەوەی ململانێیەکان زیاتر بکات.
 
بە گوتەی وەلی نەسر، "تاوەکو دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان زیاتر دوابکەوێ، ئەگەری گەڕانەوە بۆ ململانێی راستەوخۆ و سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە لەنێوان ئێران و ئەمریکا یان تەنانەت ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەبێت."
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئیسرائیل "بە زەبری هێز سێبەری شەڕی لە ناوچەکەدا هێشتووەتەوە، بۆ ئەوەی لە هەر ساتێکدا بتوانێت پاساو بۆ هێرشێکی نوێ بهێنێتەوە؛ وڵاتانی عەرەبی نیگەرانن لەوەی ململانێیەکی نوێ ئاسایشی لەرزۆکیان بشکێنێت و ئێران لەنێو گوشاری گەمارۆکان و هەڕەشەی شەڕدا بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر خۆڕاگری و پاراستنی هێڵە سوورەکانی."
 
رۆژنامەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم دۆخەی ئێستا دەتواندرێ بگۆڕدرێ بۆ گەڕێکی "گوشار-هەڕەشە-چەقبەستوویی" و دەتوانێ هەرێمەکە بگەیەنێتە لێواری قەیرانێکی نوێ.
 
ئارمانی میللی: دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار
 
رۆژنامەی ئارمانی میللی لە بابەتێکدا باس لەوە دەکات کە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە خاڵێکی هەستیار و ئەگەری ئەوە هەیە گەورەبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا سەربکێشێت بۆ جەنگ و رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە، هەرچەندە ئێستا ئەگەرەکەی بە لاواز دەزانێت.
 
رۆژنامەکە لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ عەلی بێگدڵی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری پرسە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە ناردنی چەک و هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و ئەگەری هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران دەکات و لە زاری مامۆستاکەوە دەڵێت، ‌هەرچەندە ئێستا ئەگەری جەنگ لاوازە، بەڵام لەوانەیە دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بڕوات و سەربکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی سەربازی.
 
عەلی بێگدڵی بە رۆژنامەکە دەڵێت، هەنگاوی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە، نمایشی هێزە و ئاساییە کە لەبەرامبەردا ئێرانیش ئامادەییە سەربازییەکانی زیاتر بکات.
 
بێگدڵی ئاماژە بەوە دەکات، ئێران و ئەمریکا دەیانەوێ لە رێگەی دیپلۆماسی و دانوستاندن کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و جەنگیان ناوێ، بەڵام سیاسەت پێشبینی ناکرێ و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان و چەقبەستوویی دیپلۆماسی، هەر ئەگەرێکی دیکە کراوەیە و لەوانەیە ئاراستەکە بەرەو هەڵگیرسانی شەڕ بڕوات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە