رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل چەند گەڕەکێکی باشووری بەیرووتی بۆردوومان کرد. پێش بۆردوومانەکە، هەزاران کەس ماڵەکانیان چۆڵکردن و هەڵاتن؛ ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی دەرکرد و رایگەیاند، هێرش دەکاتە سەر کارگەکانی ژێرزەمینی درۆن کە سەر بە حیزبوڵڵان.
رۆژی پێنجشەممە 05-06-2025 سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی چەند گەڕەکێکی باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەرکرد و لە چەند خولەکێکدا شەقامەکان پڕی ئۆتۆمبێل بوون.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، لە هۆشدارییەکەدا گوتی: "ئێوە لە نزیک دامەزراوەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵڵادان. بۆ سەلامەتیی خۆتان و سەلامەتی خێزانەکانتان، داواتان لێدەکرێت دەستبەجێ ئەم باڵەخانانە چۆڵ بکەن و بە دووری لانیکەم 300 مەتر لێیان دووربکەونەوە."
لە راگەیێنراوێکی جیاوازدا، سوپا رایگەیاند، بە زوویی هێرشێک دەکاتە سەر ژێرخانی بەرهەمهێنانی درۆن، "کە بە ئەنقەست لە دڵی ناوچە سڤیلنشینەکان" لە بەیرووت دامەزراون.
ئیسرائیل و حیزبوڵڵای پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە، زیاتر لە ساڵێکە لە جەنگدان کە بە هەڵگیرسانی جەنگی غەززە دەستیپێکرد و بە هەڵمەتێکی بۆمبارانی چڕی ئیسرائیل و چوونە ناو خاکی باشووری لوبنانەوە گەیشتە لووتکە.
ئاگربەستێکی مانگی 11 هەوڵیدا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، بەڵام ئیسرائیل لە هێرشەکانی لە باشووری لوبنان بەردەوام بووە.
هەرچەندە هێرشکردنە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت، کە بە قەڵای حیزبوڵڵا دادەنرێت، دەگمەن بووە.
سوپا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای بەکارهێنانی بەرفراوانی درۆن لەلایەن حیزبوڵڵاوە وەک بەشێکی سەرەکی لە هێرشە تیرۆریستییەکانی بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، رێکخراوە تیرۆریستییەکە کار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی درۆن دەکات بۆ جەنگی داهاتوو،" هەروەها چالاکییەکانی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان" وەسفکرد.
بەپێی ئاگربەستەکە، دەبوو چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێنەوە، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە و بنکە سەربازییەکانیان لە باشوور هەڵبوەشێننەوە.
لەلایەکی دیکە، دەبوو ئیسرائیل هەموو هێزەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام هێزەکانی لە پێنج پێگەدا هێشتووەتەوە کە بە "ستراتیجی"یان دادەنێت لەسەر سنوور.
سوپای لوبنان لە باشوور جێگیر بووە و ژێرخانی حیزبوڵڵای لەوێ لابردووە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "زیاتر لە 500 پێگەی سەربازی و کۆگەی چەکی" لە ناوچەکەدا هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ