رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چوار فەرماندەی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کەسێک کوژراوە و 6ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی شەممە، 5ـی تەممووزی 2025، رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، چوار فەرماندەی حیزبوڵـڵایان لە باشووری لوبنان بە ئامانج گرت. وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش دەڵێت، "بۆردوومانەکان بۆ سەر سێ ئۆتۆمبێل بوون لە شارۆچکەی بنت جبەیل و ماڵێک لە شارۆچکەی حاسبایا".
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیێندراوەکەیدا گوتیشی، "بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کەسێک کوژرا و شەشی دیکەش بریندار بوون".
رادیۆی سوپای ئیسرائیلیش لەبارەی هێرشەکانەوە دەڵێت، "ئامانجی بۆردوومانەکان چوار فەرماندەی حیزبوڵـڵا بوون". ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە فەرماندەکان کوژراوە و سێیەکەی دیکە چارەنووسیان نادیارە".
تشرینی یەکەمی 2023، حیزبوڵـڵا وەکو پاڵپشتییەک بۆ غەززە دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد، دواتر ئەویش وەڵامیدایەوە. تشرینی دووەمی رابردووش، هەردوولا ئاگربەستیان کرد، بەڵام بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن. بەرپرسانی تەل ئەڤیڤ دەڵێن، ئامانج لە بۆردوومانەکانیان چەکدار و بەرپرسانی حیزبوڵـڵان.
بە گوێرەی تەندروستی لوبنان، بەهۆی جەنگەکەوە لانیکەم چوار هەزار هاووڵاتیی کوژران و 17 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندەی حیزبوڵـڵاش کوژران کە دیارترینیان حەسەن نەسرووڵـڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵـڵا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ