ستراتیژی نوێی ئیدارەی ترەمپ: بایەخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەم دەبێتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا گۆڕانکارییەکی دیاری لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راگەیاند و گوتی، ئەو رۆژانە کۆتاییان هات کە تێیاندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەقی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو.
 
ئەم دیدگە نوێیە کە لە بەڵگەنامەی فەرمیی (ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا)دا هاتووە و لە تشرینی دووەمی 2025دا بە واژۆی ترەمپ بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە سەربەخۆیی وزەی ئەمریکا و لاوازبوونی هەڕەشە سەرەکییەکان.
 
لەو بەشەی تایبەتە بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە یەکەم دێڕی ستراتیژییەکەدا نووسراوە: "بۆ ماوەی لانیکەم نیو سەتە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دەخستە پێش هەموو ناوچەکانی دیکەوە."
 
حکومەتی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات: "بۆ چەندین دەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگترین دابینکەری وزە بوو، سەکۆیەکی گەورەی پێشبڕکێی هێز بوو، هەروەها پڕبوو لەو ململانێیانەی کە هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد بگەنە کەناراوەکانی ئێمەش."
 
لاوازبوونی ئێران 
 
ستراتیژییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشووی گرنگیدان بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕاون. بۆ نموونە، "ئێران کە هێزی سەرەکیی ناسەقامگیرکەری ناوچەکەیە، بەهۆی کردەوەکانی ئیسرائیلەوە لەدوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 و بەهۆی ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەوی سەرۆک ترەمپەوە لە حوزەیرانی 2025دا، زۆر لاواز بووە."
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە "پێشکەوتن بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەییتر" لە جەنگی ئیسرائیل-فەلەستین بەدەستهاتووە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتانەی کە ترەمپ دانوستاندنی لەبارەی کردن. لەبارەی سووریاشەوە، ستراتیژییەکە گەشبینە و پێیوایە، "بە پشتیوانیی ئەمریکا، [وڵاتانی] عەرەب، ئیسرائیل و تورکیا، رەنگە سووریا سەقامگیر ببێتەوە و پێگە شایستەکەی خۆی وەربگرێتەوە."
 
لە کێشەوە بۆ وەبەرهێنان: رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ
 
بەپێی دیدگەی نوێی واشنتن، لەگەڵ زیادبوونی وزەی ئەمریکا، هۆکاری مێژوویی بایەخدان بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نامێنێت. ستراتیژییەکە دەڵێ: "لەبری ئەوە، ناوچەکە زیاتر دەبێتە سەرچاوە و شوێنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە چەند پیشەسازییەکدا کە لە نەوت و گاز تێدەپەڕن، وەک وزەی ئەتۆمی، ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بەرگری."
 
ستراتیژییەکە باس لەوە دەکات، هاوبەشانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوە پیشان دەدەن کە لە شەڕکردنی تووندڕۆکان جیدین و دەبێت ئەمریکا پشتیوانیی ئەمە بکات، "بۆ ئەمەش، پێویستە ئەمریکا واز لە گوشارکردن لەو وڵاتانە بهێنێت، بەتایبەتی بنەماڵە شاهانەییەکانی کەنداو، بۆ وازهێنان لە نەریت و شێوازە مێژووییەکانی حکومڕانییان."
 
بەڵگەنامەکە دەڵێت، "کلیلی پەیوەندیی سەرکەوتوو بریتییە لە قبووڵکردنی ناوچەکە، سەرکردەکانی و نەتەوەکانی وەک ئەوەی هەیە، لە هەمان کاتدا پێکەوە کارکردن لەسەر بوارەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش."
 
سەرەڕای کەمکردنەوەی بایەخەکە، ستراتیژییەکە باس لەوە دەکات کە ئەمریکا هەمیشە بەرژەوەندیی سەرەکی دەبێت لە ناوچەکەدا، لەوانە:
 
• دڵنیابوون لە ئاسایشی وزەی کەنداو.
 
• هێشتنەوەی گەرووی هورمز و دەریای سوور بە کراوەیی.
 
• رێگریکردن لەوەی ناوچەکە ببێتە لانکەی تیرۆر.
 
• پارێزراو هێشتنەوەی ئیسرائیل.
 
ستراتیژییەکە دەڵێ، رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە بێ "دەیان ساڵ لە شەڕی بێ ئەنجامی نەتەوەسازی" دەبێت و فراوانکردنی "رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" وەک ئامانجێکی سەرەکی دەمێنێتەوە.
 
لە کۆتاییدا، بەڵگەنامەکە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە رێگە بە ئەمریکا دەدات "بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە پێشەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاسر ئەبو شەباب

میدیای ئیسرائیل: یاسر ئەبو شەباب، فەرماندەی گرووپە چەکدارە هاوکارەکانی سوپای ئیسرائیل کوژرا

میدیاکانی ئیسرائیل کوژرانی یاسر ئەبو شەباب، سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانەیان راگەیاند کە لە کەرتی غەززە هاوکاریی سوپای ئیسرائیل دەکەن. سەرچاوە ئیسرائیلییەکانیش پشتڕاستیان کردەوە فەرماندەکە لە غەززە کوژراوە.