رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوەندی خاتەمولئەنبیا (هێزە چەکدارەکانی ئێران)، وردەکاریی نوێی ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی راستی 4"ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنەدا هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر و کوێت، هەروەها چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئیسرائیل پێکراون.
ئیبراهیم زولفەقاری، رۆژی هەینی، 6ی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەرتەشی ئێران بە درۆنی خۆکوژ بنکەی ئاسمانیی "رامات دەیڤید" و پێگەی راداریی "میرۆن"ـیان لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
زولفەقاری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا کرد لە ناوچەکە و گوتی: "هێزی زەمینیی ئەرتەش لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانیدا، بارەگای هێزە ئەمریکییەکانی لە هەولێر بە درۆن کردە ئامانج." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزی دەریایی ئەرتەش شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکانی لە کەمپی "عودەیری" لە وڵاتی کوێت بە درۆنی خۆکوژ پێکاوە.
بەکارهێنانی مووشەکی "خوڕەمشەهر"
بەگوتەی گوتەبێژی ناوەندی خاتەمولئەنبیا، سوپای پاسداران لە شەپۆلی 19یەمی ئۆپراسیۆنەکەدا مووشەکی بالیستی لە جۆری "خوڕەمشەهر"ـیان بەکارهێناوە، کە کڵاوەی جەنگیی قورسی هەڵگرتووە و فڕۆکەخانەی "بن گۆریۆن"ـیان لە تەلئەڤیڤ کردووەتە ئامانج.
دوورخستنەوەی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر
ئیبراهیم زولفەقاری رایگەیاند، "کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن کە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران نزیک ببووەوە، لەلایەن درۆنەکانی سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج، کە بەو هۆیەوە ناوچەکەی جێهێشتووە و ئێستا زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە سنوورەکانمان دوورکەوتووەتەوە."
تێکشاندنی فڕۆکە و درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلی
گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی لە جۆری F-15I و چوار درۆنی پێشکەوتووی لە جۆرەکانی هێرمس 900 و MQ-9 لە ئاسمانی ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری ئێران خستووەتە خوارەوە. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە چەندین مووشەکی کرووزی جۆری "تۆماهۆک" و "جاسم"یان تێکشکاندووە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی خاتەمولئەنبیا، تاوەکو ئێستا و لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینە 4"، ئێران زیاتر لە 2000 درۆن و 600 مووشەکی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە.
ئیبراهیم زولفەقاری هۆشداریشیدا کە "لە رۆژانی داهاتوودا هێرشەکان تووندتر و بەرفراوانتر دەبن" و ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانیانەوە، زەنگی مەترسی لە ئیسرائیل نەوەستاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ