تەندروستیی سووریا لە حەلەب کەوتە ئامادەییەوە

دوێنێ کاژێر 09:29
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، سیستمی تەندروستی لە حەلەب خراوەتە حاڵەتی "ئامادەیی تەواو" بۆ وەڵامدانەوەی هەر دۆخێکی نائاسایی؛ داواش لە هاووڵاتییان دەکات بەهۆی تۆپبارانەکانەوە لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، نەجیب نەسان، بەڕێوەبەری فریاکەوتن و گواستنەوە لە وەزارەتی تەندروستیی سووریا بە ئاژانسی (سانا)ـی راگەیاند: "10 ئەمبووڵانس لە شوێنە سەرەکییەکانی شارەکە جێگیرکراون و ئەوانی دیکەش لە حاڵەتی ئامادەیین بۆ جووڵەی دەستبەجێ ئەگەر پێویست بکات."
 
بەرپرسەکەی تەندروستی دەڵێت: "هاوئاهەنگیی راستەوخۆمان لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەیە بۆ گەرەنتیکردنی گواستنەوەی سەلامەتی برینداران و نەخۆشەکان."
 
هەروەها وەزارەتەکە ژووری ئۆپەراسیۆن و ئەفسەرانی پەیوەندیی کارا کردووە بۆ ئەوەی بەپێی توانای نەخۆشخانەکان بریندارەکان دابەش بکەن.
 
پێشتریش وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان کردبوو، لەو ناوچانەی دەکەونە بەر هێرشەکان، "بەرزترین ئاستی وریایی پەیڕەو بکەن، لە شوێنی پارێزراو بمێننەوە و لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە."
 
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە و دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
 
ئاسایشی حەلەب دوایینجار رایگەیاند 7 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 54 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
تەندروستیی حەلەب کوژرانی 5 سڤیل و برینداربوونی 27ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان) راگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
 
حکومەت گەڕەکەکانی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە و هەسەدە بە "بۆمبڕێژکردنی شەقامەکان" و رێگریکردن لە دەرچوونی خەڵک تۆمەتبار دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە