رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە و گوشارکردن لە دانیشتووانەکەی بۆ چۆڵکردنی بەردەوام دەبن. دەشڵێت، 100 هەزار کەس شارەکەیان جێهێشتووە و حەماسیش رێگریی دەکات لەو کەسانەی لە شارەکە ماون بچنە دەرەوە.
رۆژی یەکشەممە، 7ی ئەیلوولی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی کرد کە بەشێکی پەیوەست بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە.
نەتەنیاهوو رایگەیاند، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس شارەکەیان چۆڵکردووە و ئەوانەی لەوێش ماون بەنیازی چۆڵکردنن، بەڵام حەماس رێگرییان لێدەکات. گوتیشی، ئەو ئۆپەراسیۆنە باشترین رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە زووترین کات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "حەماس هەموو کارێک دەکات بۆ رێگریکردن لە خەڵک و بەکارهێنانیان وەکو قەڵخانی مرۆیی. ئەوان شەرم لە هیچ رێکارێک ناکەن بۆ ئەو ئامانجەیان، لەوانە تەقەکردن لە ژنان و منداڵان، ئەگەر پێویست بکات، کوشتنیشیان."
لە هەینییەوە هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە چڕتر بوونەتەوە. دوێنێ، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەبێ غەززە چۆڵبکرێت و کەس لە شارەکەدا نەمێنێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکە و راگواستنی دانیشتووانەکەی داوە.
رۆژی 2ی ئەیلوول، سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری غەززە کرد. بە گوێرەی بەرپرسانی تەلئەڤیڤ، ئەو شارە بنکەی بەهێزی حەماسە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا زیاتر لە 40٪ی شارەکەیان بەدەستەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ