کۆنگرەیەکی فراوان بۆ رێکارەکانی حەج لە سعودیە بەڕێوەدەچێت

07-11-2025
سۆران حوسێن
کۆنفرانس و پێشانگەی (لە مەککەوە بۆ جیهان)
کۆنفرانس و پێشانگەی (لە مەککەوە بۆ جیهان)
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە کۆنفرانس و پێشانگەیەکی تایبەت بەناونیشانی (لە مەککەوە بۆ جیهان) لە سعودیە بەڕێوەبچێت و رێکارەکانی حەجی ساڵی داهاتوو و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد تێیدا تاوتوێ بکرێت. گوتەبێژی یەکێتی زانایان دەڵێت: "لە کوردستان بە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت، هەنگاوی گەورە نراوە بۆ دانانی سیستەمی پێویست و گونجاندنی هەرێمی کوردستان بۆ رێکارەکانی چوون بۆ حەج".
 
پێنجەمین کۆنفرانس و پێشانگەی حەج، 09ـی ئەم مانگە بە چاودێریی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود، خادمی هەردوو حەرەم بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 12ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە، ئامانجی سەرەکییان باشترکردنی رێکارەکانی حەجی ساڵی داهاتووە و تێیدا دەیان کەسی پسپۆڕ گفتوگۆ دەکەن و رێکارەکان تاوتوێ دەکەن.
 
شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە زیاتر لە 52 هەزار مەتر دووجایە و 13 کەرتی جیاواز بەشداری دەکەن، لەوانە تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزارییە تەندروستی و گەشتیارییەکان، هاوکات 95 قسەکەر و شارەزای نێودەوڵەتی بەشداری دەکەن.
 
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامانج لە کۆنفرانسەکە باشتر بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی پرۆسەی حەجە لە ساڵی داهاتوودا، بۆ ئەوەی بتوانرێت سوود لە ژیریی دەستکرد و ئامێرە هاوچەرخەکان ببینرێت، هاوکات بە سیستمکردنی هەنگاوەکانی کاروبارەکانی حاجییەکان".
 
شێرکاوەیی گوتی، بەشێکی کۆنفرانسەکە تایبەتە بە میدیا جیهانییەکان بە گشتی و میدیای وڵاتانی ئیسلامیی بەتایبەت بۆ بایەخدانیان بە رێوڕەسمەکانی حەج. گوتیشی: "هاوکات لەگەڵ کارەکانی سعودیە بۆ بەڕێوەچوونی حەج لە ساڵی داهاتوودا، لە هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە بە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت توانراوە ناونووسین و رێکارەکانی حەج بە ئەلیکترۆنی بکرێت و سیستمێکی پێشکەوتووی بۆ دابنرێت".
 
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بە پەیوەندی زانایانی ئیسلام لە وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئێمە وەکو یەکێتی زانایان پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ زانایانی وڵاتانی سعودیە و میسردا هەیە و دێرینە، بەتایبەت لەگەڵ زانایانی ئەزهەردا، لەو چوارچێوەیەدا ماوەیەک پێش ئێستا شاندێکی ئەزهەر میوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون؛ لێرە کۆنگرەیەک بەڕێوەچوو، ئەوەش بووە بنەمایەکی باش بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان زانایانی هەردوولادا".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتیشی: "گرنگیدانی میدیاکان بە کۆنفرانسەکەی سعودیە و خستنەڕووی تێڕوانینی هەرێمی کوردستان لە رێگەی میدیاوە بۆ وڵاتانی دیکەی موسڵمان گرنگە و دەبێتە هۆکاری کردنەوەی دەرگای نوێی پەیوەندییەکان".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە