رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێرانی دەڵێت، شەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە رێگەی نێوەندگیرانەوە، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پشتڕاستیکردەوە، ئەمریکا و ئێران رۆژی شەممە، لە عومان، "گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ" دەکەن، دوای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ تاران دەکەن.
ترەمپ رۆژی دووشەممە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی قسەی کرد.
ترەمپ رایگەیاند هیوادارە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریی دا کە ئێران لە "مەترسییەکی گەورە" دا دەبێت ئەگەر گفتوگۆکان سەرنەکەون.
چەند کاژێرێک دواتر، تاران پشتڕاستی کردەوە رۆژی شەممە لە عومان گفتوگۆ دەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی گفتوگۆکان "ناڕاستەوخۆن".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، رۆژی شەممە بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ و ئاست بەرز لە عومان کۆدەبنەوە."
هەروەها گوتی، "ئەمە چەند دەرفەتە، هێندەش تاقیکردنەوەیە. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە."
لە هەمان کاتدا نەتەنیاهوو گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل کار لەسەر رێککەوتنێکی دیکە دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە.
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئێرانییەکان دەکەین، رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکی زۆر گەورەمان هەیە و ئێمە راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکەین."
ترەمپ نەیگوت لە کوێ کۆدەبنەوە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی هیچ نێوەندگیرێکی تێدا نابێت و کۆبوونەوەکە لە "نزیکەی باڵاترین ئاستدا" دەبێت.
راگەیێندراوە چاوەڕواننەکراوەکەی ترەمپ، رۆژێک دوای ئەوە هات کە ئێران رەتیکردەوە گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێ بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات و ئەم بیرۆکەیەی بە بێهوودە ناوبرد.
ترەمپ لە ساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. ئێستاش "ئەگەر هەیە" ئیسرائیل بەیارمەتیی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت.
ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و گوتی، "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبن، پێموایە ئێران لە مەترسییەکی گەورەدا دەبێت، حەز ناکەم بیڵێم، مەترسییەکی گەورە، چونکە ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
لە هەمان کاتدا بەرپرسان رایانگەیاندووە بڕیارە رووسیا، چین و ئێران رۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ